عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نەزرکردن 
1
یەزدان بە موسای فەرموو:
2
«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر پیاوێک یان ژنێک سوێندێکی تایبەتی خوارد بەوەی نەزر[a] بکات، خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات.
3
لە شەراب و مەی خۆی دوور دەخاتەوە و سرکەی شەراب و سرکەی مەی ناخواتەوە و خۆشاوی ترێ ناخواتەوە و ترێ و کشمیش ناخوات.
4
هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی هیچ شتێک لە هەموو ئەوەی لە بەری مێو دروستدەکرێت ناخوات، تەنانەت تۆو و توێکڵیش.
5
«”هەموو ڕۆژانی نەزر و خۆتەرخانکردنەکەی گوێزان بە سەریدا ناهێنرێت، پێویستە هەتا تەواوی ئەو ڕۆژانەی خۆی تەرخان کردووە بۆ یەزدان، پیرۆز بێت و قژی بهێڵێتەوە.
6
«”هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان لە لاشەی مردوو نزیک ناکەوێتەوە،
7
بۆ دایک و باوک و برا و خوشکیشی، خۆی گڵاو ناکات لە کاتی مردنیان، چونکە خۆتەرخانکردنی بۆ خودای خۆی بەسەر سەرەوەیە.
8
هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان پیرۆز دەبێت.
9
«”ئەگەر یەکێکیش کتوپڕ لەلای مرد و قژە تەرخانکراوەکەی گڵاوکرد، ئەوا لە ڕۆژی پاکبوونەوەکەی سەری دەتاشێت، لە ڕۆژی حەوتەم دەیتاشێت.
10
لە ڕۆژی هەشتەمیش دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر دەهێنێتە لای کاهین بۆ دەروازەی چادری چاوپێکەوتن.
11
کاهینیش یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن و کەفارەتی بۆ دەکات لەو گوناهەی بەهۆی ئەو مردووەوە کردوویەتی و لەو ڕۆژەدا سەری تەرخان دەکاتەوە.
12
کاتێک ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان تەرخان کردەوە، ئەوا بەرخێکی نێری یەک ساڵە وەک قوربانی تاوان دەهێنێت، بەڵام ڕۆژەکانی پێشتری هەژمارد ناکرێت، چونکە خۆتەرخانکردنەکەی گڵاو کردووە.
13
«”ئەمەش فێرکردنەکەیە دەربارەی ئەوەی خۆی تەرخان دەکات، ئەو ڕۆژەی ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی تەواو دەبێت دەهێنرێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن.
14
جا قوربانییەکەی بۆ یەزدان پێشکەش دەکات، بەرخێکی نێری یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی سووتاندن، بەرخێکی مێیەی یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی گوناه، بەرانێکی بێ کەموکوڕی بۆ قوربانی هاوبەشی[b] ،
15
سەبەتەیەک نان بەبێ هەویرترش[c] ، کولێرە بە باشترین ئارد، زەیت شێلراو و ناسکە نانی[d] بە زەیت چەورکراو، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان.
16
«”جا کاهین لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات، قوربانی گوناهەکە و قوربانی سووتاندنەکەی دەکات،
17
کاهینەکە سەبەتە نانە فەتیرەکە و بەرانەکەش دەکاتە قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو.
18
«”لەدوای ئەوە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن خۆتەرخانکەرەکە سەرە تەرخانکراوەکەی دەتاشێت و مووی سەرە تەرخانکراوەکەی دەبات و دەیکاتە سەر ئەو ئاگرەی لەژێر قوربانییەکەی هاوبەشییە.
19
«”پاش ئەوەی خۆتەرخانکەرەکە قژی خۆتەرخانکردنەکەی دەتاشێت، کاهینەکە شانی بەرانەکە بە کوڵاوی و کولێرەیەکی فەتیرە لە سەبەتەکە لەگەڵ ناسکە نانێکی فەتیرە دەبات و دەیانخاتە ناو دەستی خۆتەرخانکەرەکە.
20
کاهینیش لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرزیان دەکاتەوە، ئەو بەشە بۆ کاهین پیرۆزکراوە لەگەڵ سنگی بەرزکراوە و ڕانەکەی کە پێشکەشکراوە، ئینجا ئەوەی خۆی تەرخان کردووە شەراب دەخواتەوە.
21
«”ئەمە فێرکردنەکەیە دەربارەی خۆتەرخانکەر کە نەزر دەکات، قوربانییەکەی[e] بۆ یەزدانە سەرباری خۆتەرخانکردنەکەی، بەگوێرەی ئەو نەزرەی کە کردی، ئاوا دەکات بەگوێرەی فێرکردنی خۆتەرخانکردنەکەی.“»
بەرەکەتی کاهین 
22
یەزدان بە موسای فەرموو:
23
«لەگەڵ هارون و کوڕەکانی بدوێ و بڵێ: ”بەم شێوەیە داوای بەرەکەت دەکەن بۆ نەوەی ئیسرائیل. پێیان دەڵێن:
24
«” ’با یەزدان بەرەکەتدارت بکات و
بتپارێزێت.
25
با ڕووی یەزدان بەسەرتدا بدرەوشێتەوە و
لەگەڵت میهرەبان بێت.
26
با یەزدان ئاوڕت لێ بداتەوە و
ئاشتیت پێ ببەخشێت.‘ “
27
«جا ناوم لەسەر نەوەی ئیسرائیل دادەنێن و منیش بەرەکەتداریان دەکەم.»
  1. a. 6‏:2 نەزر: (ئاد)یشی پێ دەگوترێت، داوا لە خودا دەکەیت بۆ ئەنجامدانی کارێک، کارەکە پابەند دەکەیت بە مەرجێکەوە. داوا دەکەیت ئەگەر خودا ئەو کارەم بۆ ئەنجام بدات، ئەوا دەرئەنجام منیش ئەو کارەی بۆ ئەنجام دەدەم. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2‏‏.‏
  2. b. 6‏:14 قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە لێڤییەکان 7‏:11‏-15.‏‏
  3. c. 6‏:15 هەویرترش: لە جیاتی خومرە بۆ هەوێن بەکارهاتووە.‏
  4. d. 6‏:15 ناسکە نان: ناوەشکێنە.‏
  5. e. 6‏:21 سەرباری ئەو قوربانییانەی کە دانراوە بکرێت کەسەکە قوربانییەکی خۆویستانە دەکات، بەهاکەی بەگوێرەی توانای کەسەکە دەبێت.‏