عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
کاتێک بەلعام بینی لەبەرچاوی یەزدان پەسەندە کە ئیسرائیل بەرەکەتدار بکات، وەک جاری یەکەم و دووەم بەڕێ نەکەوت بۆ جادووگەری، بەڵکو ڕووی لە چۆڵەوانی کرد.
2
کاتێک بەلعام چاوی هەڵبڕی نەوەی ئیسرائیلی بینی هۆز لەتەنیشت هۆز چادریان هەڵداوە، ڕۆحی خوداش هاتە سەری،
3
ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«پەیامەکەی بەلعامی کوڕی بەعۆر،
پەیامەکەی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،
4
پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە،
ئەوەی خودای هەرە بەتوانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات،
ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاو کراوەیە:
5
«ئەی یاقوب، چادرەکانت چەند جوانن،
ئەی ئیسرائیل، نشینگەکانت چەند خۆشن!
6
«وەک ئەو دۆڵانەی درێژ بوونەتەوە،
وەک باخچەی کەناری ڕووبار،
وەک ئەو درەختە ئەلوایانەی[a] کە یەزدان چاندبێتی،
وەک ئورزی قەراغی ئاو،
7
گۆزەکانی ئاویان لێ دەڕژێت و
تۆوی ئەوان لەسەر ئاوی زۆر دەبێت.
«پاشای لە ئەگاگ باڵاتر دەبێت و
شانشینەکەی پایەدار دەبێت.
8
«خودا لە میسر دەریهێنان،
وەک شاخی گای کێوییە بۆیان،
ئەو نەتەوانەی ناحەزی دەکەن دەیانخۆن و
ئێسکیان تێکدەشکێنن و
بە تیرەکانیان دەیانبڕن.
9
خۆیان وەک شێر ماتداوە و ڕاکشاون،
وەک شێرە مێ، کێ هەڵیاندەستێنێت؟
«بەرەکەتدار بن ئەوانەی بەرەکەتدارتان دەکەن،
نەفرەت لێکراو بن ئەوانەی نەفرەتتان لێ دەکەن.»
10
ئینجا تووڕەیی بالاق بەسەر بەلعامەوە گڕی گرت، چەپڵەی لێدا و بە بەلعامی گوت: «بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنەکانم بانگم کردوویت، کەچی تۆ سێ جار داوای بەرەکەتت بۆ کردن،
11
ئێستاش بگەڕێوە شوێنی خۆت، گوتم پاداشتێکی گەورەت دەکەم، بەڵام یەزدان ڕێگری لێ کردیت کە پاداشتەکەت وەربگریت.»
12
بەلعامیش بە بالاقی گوت: «ئەی من بە نێردراوەکانتم نەگوت کە بۆ لای منت ناردبوون،
13
”ئەگەر بالاق بە پڕی خانووەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدان دەربچم، بۆ ئەوەی لە خۆمەوە چاکەیەک یان خراپەیەک بکەم، ئەوەی یەزدان بیڵێت ئەوە دەڵێم؟“
14
ئێستاش وا من بۆ لای گەلەکەم بەڕێ دەکەوم، بەڵام وەرە با پێت بڵێم کە ئەم گەلە لە دوارۆژدا چی لە گەلەکەت دەکات.»
چوارەم پەیامی بەلعام 
15
ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«پەیامی بەلعامی کوڕی بەعۆر،
پەیامی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،
16
پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە،
کە زانینی هەیە لە هەرەبەرزەوە،
ئەوەی خودای هەرە بەتوانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات،
ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاوی کراوەیە:
17
«دەیبینم، بەڵام ئێستا نا،
چاوم پێی دەکەوێت، بەڵام بەم نزیکانە نا.
ئەستێرەیەک لە یاقوب دەردەکەوێت و
داردەستێک لە ئیسرائیل هەڵدەستێت.
ناوچەوانی مۆئاب دەشکێنێت،
کاسەسەری هەموو نەوەی شیت[b] تێکدەشکێنێت.
18
ئەدۆم داگیر دەکرێت،
سێعیری دوژمنیشی دەبێتە خاوەندار،
بەڵام ئیسرائیل قارەمانیێتی دەنوێنێت.
19
ئەوەی لە یاقوبەوەیە دەسەڵاتدار دەبێت،
بەجێماوەکان لە شار لەناودەبات.»
پێنجەم پەیامی بەلعام 
20
ئینجا بەلعام عەمالێقی بینی و پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«عەمالێق یەکەمی نەتەوەکان بوو،
بەڵام کۆتاییەکەی لەناوچوونە.»
21
ئینجا قێنییەکانی بینی و پەیامەکەی پێ ڕاگەیاندن و گوتی:
«نشینگەکەتان پتەوە و
هێلانەکەتان لەناو تاشەبەردە،
22
بەڵام ئەی قێنییەکان، ئێوە وێران دەبن،
کاتێک ئەشوورییەکان بە دیلتان دەگرن.»
23
ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«ئای کێ دەژیێت کاتێک خودا ئاوا دەکات،
24
لەلای کەنارەکانی کیتیمەوە[c] کەشتییەکان دێن و
ئەشوور و عێبەر ژێردەستە دەکات،
بەڵام ئەوانیش بۆ لەناوچوونن.»
25
ئینجا بەلعام هەستا و بەڕێکەوت و گەڕایەوە شوێنی خۆی، بالاقیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.
  1. a. 24‏:6 ڕووەکێکی دڕکاوییە وەک (سەباڕ)، شلەیەکی تێدایە بۆ پێست باشە.‏
  2. b. 24‏:17 نەوەی شیت کوڕی ئادام، واتا گەلی مۆئاب.‏
  3. c. 24‏:24 قوبرس و کەنارەکانی ڕۆژئاوای.‏