عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دانپێدانانی گەل بە گوناهەکانیان 
1
لە بیست و چواری ئەم مانگەدا نەوەی ئیسرائیل کۆبوونەوە، بە ڕۆژوو و جلوبەرگی گوش[a] و سەری تۆزاوییەوە.
2
ئەوانەی لە ڕەچەڵەکی ئیسرائیل بوون لە هەموو ڕەچەڵەکە بێگانەکان جیا بوونەوە و ڕاوەستان و دانیان بە گوناهەکانی خۆیان و تاوانەکانی باوباپیرانیان نا.
3
لە شوێنەکانی خۆیاندا ڕاوەستان و چارەکە ڕۆژێک لە پەڕتووکی تەوراتی یەزدانی پەروەردگاریان خوێندەوە، چارەکە ڕۆژێکیش دانیان بە گوناهەکانیان دەنا و کڕنۆشیان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان دەبرد.
4
لەسەر پێپلیکانەکەی لێڤییەکان، یێشوع، بانی، قەدمیێل، شەڤەنیا، بوننی، شێرێڤیا، بانی و کەنانی ڕاوەستان و بە دەنگی بەرز هاواریان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان کرد.
5
لە لێڤییەکان، یێشوع، قەدمیێل، بانی، حەشەڤنەیا، شێرێڤیا، هۆدیا، شەڤەنیا و پەتەحیا، گوتیان: «هەستن و ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن کە لە ئەزەلەوەیە و هەتاهەتایە.»
«با ناوی شکۆدارت بەرەکەتدار بێت، بەرزە بەسەر هەموو بەرەکەت و ستایشێکەوە.
6
تۆ خۆت بە تەنها یەزدانیت. تۆ ئاسمانت دروستکرد، ئاسمانی ئاسمانەکان و هەموو هێزەکانیان، زەوی و هەموو ئەوەی لەسەریەتی، دەریاکان و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە. تۆ ژیان بە هەموویان دەدەیت و هێزەکانی ئاسمان کڕنۆشت بۆ دەبەن.
7
«تۆ یەزدانی پەروەردگاریت، کە ئەبرامت هەڵبژارد و لە ئووری کلدانییەکانەوە دەرتهێنا و ناوت نا ئیبراهیم.
8
بینیت لەبەردەمی تۆ دڵسۆزە، پەیمانت لەگەڵی بەست، کە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەمۆری و پریزی و یەبوسی و گرگاشییەکانی بدەیتێ، بیدەیتە نەوەکەی، ئینجا بەڵێنەکەی خۆتت هێنایە دی، چونکە تۆ ڕاستودروستیت.
9
«تۆ زەلیلی باوباپیرانی ئێمەت لە میسر بینی و گوێت لە هاواریان بوو لەلای دەریای سوور[b] .
10
نیشانە و پەرجووت[c] لە دژی فیرعەون و هەموو کاربەدەستەکانی و گەلی خاکەکەی کرد، چونکە زانیت میسرییەکان زۆریان لێکردن. جا ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە.
11
دەریاکەت لەبەردەمیاندا شەقکرد تاوەکو بەناو دەریاکە بەسەر وشکانیدا بپەڕینەوە، ڕاونەرانی ئەوانیشت فڕێدایە ناو قووڵاییەوە، وەک بەردێک لەناو ئاوە بەهێزەکان.
12
بە ڕۆژ بە ستوونی هەور ڕێت نیشان دان، بە شەویش بە ستوونی ئاگر، هەتا ئەو ڕێگایەیان بۆ ڕووناک بکەیتەوە کە پێیدا دەڕۆن.
13
«لەسەر شاخی سینا دابەزیت و لە ئاسمانەوە لەگەڵیاندا دوایت. حوکمە ڕێک و فێرکردنە ڕاست و فەرز و فەرمانە باشەکانت دانێ.
14
ڕۆژی شەممەی پیرۆزت پێ ناساندن، لەسەر دەستی موسای خزمەتکارت فەرمان و فەرز و فێرکردنەکانت دانێ.
15
لە برسیێتییاندا لە ئاسمانەوە نانت دانێ، لە تینووێتیشیاندا لە تاشەبەردەوە ئاوت بۆ دەرهێنان و فەرمانت پێدان کە بچنە ناو ئەم خاکە و بە میرات وەریبگرن، کە سوێندت خواردبوو بیاندەیتێ.
16
«بەڵام ئەوان، واتا باوباپیرانمان لەخۆبایی و کەللەڕەق بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت.
17
ڕەتیان کردەوە گوێ بگرن و پەرجووەکانی تۆیان وەبیر خۆیان نەهێنایەوە کە بۆت کردن، کەللەڕەقییان کرد و لە کاتی یاخیبوونەکەیاندا سەرۆکیان بەسەر خۆیانەوە دانا تاکو بگەڕێنەوە سەر کۆیلایەتییەکەیان. بەڵام تۆ خودایەکی لێبوردە و میهرەبان و بە بەزەییت، پشوودرێژیت، خۆشەویستی نەگۆڕت زۆرە. تۆ وازت لێ نەهێنان،
18
تەنانەت کاتێک کە پەیکەرێکی لەقاڵبدراوی گوێرەکەیان دروستکرد و گوتیان: ”ئەمە خوداوەندەکەتانە، ئەوەی ئێوەی لە میسر دەرهێنا!“ یان کاتێک چەندین کفری گەورەیان کرد.
19
«بەڵام تۆ بە بەزەییە زۆرەکەت لە چۆڵەوانی وازت لێ نەهێنان، بە ڕۆژ ستوونە هەورەکە لەسەریان لا نەچوو بۆ ئەوەی ڕێگایان پیشان بدات، بە شەویش ستوونە ئاگرەکە تاکو ئەو ڕێگایە ڕووناک بکاتەوە کە پێیدا دەڕۆن.
20
ڕۆحە چاکەکەی خۆشت پێدان بۆ فێرکردنیان و مەنی خۆتت لە دەمیان نەگرتەوە و ئاوت پێدان بۆ تینووێتییان.
21
چل ساڵ لە چۆڵەوانی بەخێوت کردن و لە هیچیان کەم نەبوو، جلەکانیان دانەڕزا و پێیەکانیان نەئاوسا.
22
«پاشایەتی و گەلانت پێدان بەسەر هەرێمەکاندا دابەشت کردن، خاکی سیحۆنی پاشای حەشبۆن، هەروەها خاکی عۆگی پاشای باشانیان داگیر کرد.
23
کوڕەکانی ئەوانت وەک ئەستێرەکانی ئاسمان زۆر کرد و ئەوانت هێنا ئەو خاکەی کە بە باوباپیرانیانت فەرموو: ”وەرنە ناوییەوە داگیری بکەن.“
24
ئینجا کوڕان هاتن و دەستیان بەسەر خاکەکەدا گرت، تۆش کەنعانییەکانی دانیشتووانی خاکەکەت لەبەردەمیاندا زەلیل کرد، پاشاکانی و گەلەکانیت دایە دەست ئەوان، هەتا ئەوەیان پێ بکەن کە پێیان باشە.
25
چەند شارێکی قەڵابەند و زەوی بەپیتیان گرت؛ ماڵیان داگیر کرد کە پڕ بوو لە هەموو جۆرە شتێکی باش، بیری هەڵکەنراو، ڕەزەمێو، ڕەزی زەیتوون و داری بەرداری زۆر. ئینجا هەتا تێر و قەڵەو بوون خواردیان و چێژیان لە چاکەی زۆری تۆ وەرگرت.
26
«بەڵام یاخی بوون و لێت هەڵگەڕانەوە و پشتیان لە فێرکردنەکانی تۆ کرد. پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشت، ئەوانەی ئاگاداریان کردنەوە هەتا بیانگەڕێننەوە لای تۆ، چەندین کفری گەورەیان کرد.
27
ئیتر ئەوانت دایە دەست دوژمنەکانیان، ئەوانیش ستەمیان لێکردن. کاتێک لە تەنگانەدا بوون هاواریان بۆ کردیت، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، جا بەپێی بەزەییە زۆرەکەت چەند ڕزگارکەرێکت پێدان، کە لە دەست دوژمنانیان ڕزگاریان کردن.
28
«کاتێک حەسانەوە، گەڕانەوە بۆ ئەنجامدانی خراپە لەبەردەمی تۆ، تۆش لەناو دەستی دوژمنەکانیان وازت لێ هێنان هەتا بەسەریاندا زاڵ بن، جا گەڕانەوە و هاواریان بۆت کرد، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، زۆر جار بەپێی بەزەییەکەت فریایان کەوتیت.
29
«ئاگادارت کردنەوە هەتا بیانگەڕێنیتەوە سەر فێرکردنەکانت. بەڵام ئەوان لەخۆبایی بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت و لە دژی حوکمەکانت گوناهیان کرد، کە لەبارەیانەوە فەرمووت: ”ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.“ ئەوان کەللەڕەقانە پشتیان تێ کردیت و ملیان ڕەقکرد و گوێیان نەگرت.
30
تۆ ساڵانێکی زۆر لەگەڵیان پشوودرێژ بوویت و بە ڕۆحی خۆت و لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانتەوە ئاگادارت کردنەوە، بەڵام گوێیان نەگرت، تۆش ئەوانت دایە دەستی گەلانی دراوسێ.
31
بەڵام لەبەر بەزەییە زۆرەکەت کۆتاییت پێ نەهێنان، وازت لێ نەهێنان، چونکە تۆ خودایەکی میهرەبان و بە بەزەییت.
32
«ئێستاش ئەی خودای ئێمە، خودای مەزنی بە توانا و بە سام، کە پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر، با بەلاتەوە کەم نەبێت هەموو ئەو ناخۆشییانەی کە تووشمان بووە، تووشی پاشا و ڕابەرەکانمان بووە، تووشی کاهین و پێغەمبەرەکانمان بووە، تووشی باوباپیرانمان و هەموو گەلەکەت بووە، لە ماوەی پاشایەتی پاشاکانی ئاشورەوە هەتا ئەمڕۆ.
33
لە هەموو ئەوەی بەسەرمان هاتووە تۆ ڕاستودروستیت، چونکە تۆ دڵسۆزیت ئەنجام دا، ئێمەش خراپە.
34
پاشا و سەرکردە و کاهین و باوباپیرانمان کاریان بە فێرکردنەکەت نەکرد و گوێیان نەدایە ئەو فەرمان و یاسایانەی کە ئاگادارت کردنەوە تاکو جێبەجێی بکەن.
35
تەنانەت لە پاشایەتییەکەی خۆیان و لەو چاکە زۆرەی تۆ کە داتە ئەوان لەو خاکە فراوان و بەپیتەی کە خستتە بەردەمیان، خزمەتی تۆیان نەکرد و لە کردەوە خراپەکانیان نەگەڕانەوە.
36
«ئەمڕۆ ئێمە کۆیلەین ئەو خاکەش کە داوتە بە باوباپیرانی ئێمە هەتا لە بەروبووم و خێروبێرەکەی بخۆن، ئەوەتا ئێمە کۆیلەین لەسەری.
37
لەبەر گوناهەکانمان بەروبوومە زۆرەکەشی بۆ ئەو پاشایانەیە کە لەسەر ئێمەت داناوە، کە بەسەر خۆمان و ئاژەڵەکانماندا زاڵن، بەپێی ئارەزووی خۆیان. ئیتر ئێمە لە تەنگانەیەکی گەورەداین.
پەیمانی خەڵک 
38
«لەبەر هەموو ئەمانە، ئێمە پەیمانێک دەبەستین و دەینووسینەوە، ڕابەر و لێڤی و کاهینەکانیشمان مۆری دەکەن.»
  1. a. 9‏:1 وەک هێمای تۆبەکردن جلوبەرگیان لە گوش دروستکردووە و لەبەریان کردووە.‏
  2. b. 9‏:9 عیبری \+tl سوف‏\+tl* واتا (زەل). دەشێت مەبەست لە دەریای سوف بێت، ئەو دەریایە بێت کە دەکەوێتە سەرووی باکووری کەنداوی سوێسی ئەمڕۆ، بەڵام لە دەقی یۆنانی پەیمانی نوێ هەر بە دەریای سوور نووسراوە. بڕوانە عیبرانییەکان 11‏:29‏‏.‏
  3. c. 9‏:10 پەرجوو: موعجیزە.‏