عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دژایه‌تییه‌كانی دیكه‌ له‌ بنیادنانه‌وه‌ 
1
ئه‌وه‌ بوو كه‌ سه‌نڤه‌له‌ت و تۆڤییا و گه‌شه‌می عه‌ره‌بی و پاشماوه‌ی دوژمنه‌كانمان بیستیانه‌وه‌ كه‌ شووراكه‌م بنیاد ناوه‌ته‌وه‌ و هیچ كه‌لێنێكی تێدا نه‌ماوه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌تا ئه‌و كاته‌ هێشتا ده‌رگام له‌ ده‌روازه‌كاندا دانه‌نابوو،
2
سه‌نڤه‌له‌ت و گه‌شه‌م په‌یامیان بۆ ناردم و گوتیان: «وه‌ره‌ با له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانی ده‌شتی ئۆنۆ پێكه‌وه‌ كۆببینه‌وه‌.»
ئه‌وان بیریان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ خراپه‌م له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.
3
منیش چه‌ند نێردراوێكم بۆ لایان نارد و گوتم: «من خه‌ریكی كارێكی گه‌وره‌م و ناتوانم دابه‌زم بۆ لاتان. بۆچی كاره‌كه‌ بوه‌ستێت، ده‌ستی لێ هه‌ڵبگرم و بێمه‌ لاتان؟»
4
جا چوار جار هه‌مان په‌یامیان بۆ ناردم، منیش هه‌مان وه‌ڵامم دانه‌وه‌.
5
پاشان بۆ جاری پێنجه‌م، سه‌نڤه‌له‌ت خزمه‌تكاره‌كه‌ی به‌ هه‌مان په‌یامه‌وه‌ نارده‌ لام و نامه‌یه‌كی كراوه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو،
6
تێیدا نووسرابوو:
«له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا بیستراوه‌ و گه‌شه‌م ده‌ڵێت، تۆ و جوله‌كه‌كان بیر له‌ یاخیبوون ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ شووراكه‌ بنیاد ده‌نێیت. هه‌روه‌ها به‌پێی ئه‌م هه‌واڵانه‌ ده‌بیته‌ پاشایان،
7
چه‌ند پێغه‌مبه‌رێكت بۆ خۆت ڕاگرتووه‌ هه‌تا به‌ناو ئۆرشه‌لیمدا بانگه‌وازت بۆ بكه‌ن و بڵێن: ”له‌ یه‌هودا پاشا هه‌یه‌!“ ئێستاش ئه‌م هه‌واڵانه‌ به‌ پاشا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، ئێستا وه‌ره‌ با پێكه‌وه‌ ڕاوێژ بكه‌ین.»
8
منیش ئه‌م وه‌ڵامه‌م بۆ نارد: «هیچ كه‌م له‌و شتانه‌ی كه‌ تۆ باسیان ده‌كه‌یت ڕووی نه‌داوه‌، به‌ڵكو هه‌ڵبه‌ستراوی دڵی خۆته‌.»
9
هه‌موویان هه‌وڵیان ده‌دا بمانترسێنن و ده‌یانگوت، «ده‌ستیان له‌ كاره‌كه‌ سارد بووه‌ته‌وه‌ و كاره‌كه‌ ناكرێت.»
به‌ڵام نزام كرد: «ئه‌ی خودایه‌، ئێستاش ده‌ستم به‌هێز بكه‌.»
10
ئیتر ڕۆژێك چوومه‌ ماڵی شه‌مه‌عیای كوڕی ده‌لایای كوڕی میهێته‌بێل كه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی ده‌ستبه‌سه‌ر بوو، گوتی: «با له‌ناو ماڵی خودا كۆببینه‌وه‌، له‌ناوه‌ڕاستی په‌رستگادا و ده‌رگاكانی پیرۆزگا دابخه‌ین، چونكه‌ بۆ كوشتنت دێن، به‌ شه‌و دێن بتكوژن.»
11
منیش گوتم: «ئایا پیاوێكی وه‌ك من هه‌ڵدێت؟ ئایا كه‌سێكی وه‌ك من ده‌چێته‌ ناو په‌رستگاوه‌ هه‌تا بژیێت؟ ناچمه‌ ژووره‌وه‌!»
12
بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ خودا نه‌یناردووه‌، به‌ڵكو به‌ درۆ پێشبینیی له‌سه‌ر من كردووه‌، چونكه‌ تۆڤییا و سه‌نڤه‌له‌ت به‌ كرێیان گرتبوو.
13
به‌كرێ گیرابوو هه‌تا بمترسێنێت و ئاوا بكه‌م و گوناهبار بم، ئینجا به‌وه‌ ناوم بزڕێنن و ئابڕووم ببه‌ن.
14
ئه‌ی خودای من، به‌گوێره‌ی ئه‌م كرده‌وانه‌یان تۆڤییا و سه‌نڤه‌له‌تت له‌بیر بێت، هه‌روه‌ها نۆعه‌دیای پێغه‌مبه‌ره‌ ژن و پاشماوه‌ی ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ی كه‌ ده‌مترسێنن!
ته‌واوكردنی شووراكه‌ 
15
شووراكه‌ له‌ بیست و پێنجی ئه‌یلول ته‌واو بوو، به‌ ماوه‌ی په‌نجا و دوو ڕۆژ.
16
كاتێك هه‌موو دوژمنه‌كانمان بیستیان، هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌رمان ترسان و متمانه‌یان به‌ خۆیان نه‌ما، زانییان كه‌ ئه‌م كاره‌ له‌لایه‌ن خودامانه‌وه‌ كراوه‌.
17
هه‌روه‌ها له‌و ڕۆژانه‌دا زۆربه‌ی پیاوماقوڵانی یه‌هودا نامه‌یان بۆ تۆڤییا ده‌نارد و له‌ تۆڤییاشه‌وه‌ بۆ ئه‌وان ده‌هاته‌وه‌،
18
چونكه‌ زۆر له‌ یه‌هودا هاوپه‌یمانی بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و زاوای شه‌خه‌نه‌یای كوڕی ئاره‌ح بوو، یه‌هۆحانانی كوڕیشی كچی مه‌شولامی كوڕی به‌ره‌خیای هێنابوو.
19
هه‌روه‌ها له‌به‌رده‌ممدا باسیان له‌ كاره‌ چاكه‌كانی ئه‌و ده‌كرد و قسه‌كانی منیان بۆی ده‌گێڕایه‌وه‌. ئینجا تۆڤییا چه‌ند نامه‌یه‌كی نارد بۆ ئه‌وه‌ی بمترسێنێت.