عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چاککردنەوەی ئیفلیجێک 
1
ئینجا عیسا سواری بەلەمێک بوو، پەڕییەوە و هاتەوە شارەکەی خۆی[a] .
2
کابرایەکی ئیفلیجیان هێنایە لای لەناو جێگادا کەوتبوو، کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، ورەت بەرز بێت، گوناهەکانت بەخشران.»
3
جا هەندێک لە مامۆستایانی تەورات لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کفر دەکات!»
4
عیساش زانی بیر لە چی دەکەنەوە و فەرمووی: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لە خراپە دەکەنەوە؟
5
کامیان ئاسانترە بگوترێت، ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت، ”هەستە و بڕۆ“؟
6
بەڵام بۆ ئەوەی بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی گوناهبەخشینی هەیە،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.»
7
ئەویش هەستا و گەڕایەوە ماڵ.
8
کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بینی، سام دایگرتن و ستایشی خودایان کرد، کە دەسەڵاتی ئاوای بە مرۆڤ داوە.
عیسا بۆ گوناهباران هاتووە 
9
کاتێک عیسا بەوێدا تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مەتا بوو. پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.
10
لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی مەتا لەسەر خوان بوو، زۆر لە باجگران و گوناهباران هاتن و لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی بۆ نانخواردن پاڵیاندایەوە.
11
کە فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانی ئەویان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»
12
جا کاتێک عیسا گوێی لێبوو، فەرمووی: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش.
13
بڕۆن و واتای ئەمە فێربن: {من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی.}[b] چونکە نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»
لەبارەی ڕۆژووەوە 
14
ئینجا قوتابییەکانی یەحیا هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە و فەریسییەکان زۆر جار بەڕۆژوو دەبین، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟»
15
عیسا پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن شیوەن بگێڕن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام ڕۆژێک دێت زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا بەڕۆژوو دەبن.
16
«کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینەکە کراسەکە لێک ڕادەکێشێت و دڕاوییەکە خراپتر دەکات.
17
شەرابی نوێش ناکەنە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا مەشکەکە دەدڕێت، جا شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە و هەردووکیان پارێزراو دەبن.»
زیندووکردنەوەی کچێک و چاککردنەوەی ژنێک 
18
کاتێک ئەمانەی دەفەرموو، یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت[c] هات و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «هەر ئێستا کچەکەم مرد، بەڵام وەرە دەستی لەسەر دابنێ، زیندوو دەبێتەوە.»
19
عیساش هەستا و لەگەڵی چوو، قوتابییەکانیش دوایان کەوتن.
20
هەر لەو کاتەدا ژنێک کە ماوەی دوازدە ساڵ بوو خوێنبەربوونی هەبوو، لە دواوە لێی نزیک بووەوە و دەستی لە چمکی کراسەکەی دا،
21
چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.»
22
عیسا ئاوڕی دایەوە، بینی و فەرمووی: «کچم دڵنیابە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» ژنەکە دەستبەجێ چاک بووەوە.
23
کاتێک عیسا چووە ماڵی پێشەواکە، شیوەنگێڕان[d] و خەڵکێکی زۆری بینی کە دەنگەدەنگیان دەکرد،
24
فەرمووی: «لاچن، کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» ئەوانیش پێی پێکەنین.
25
کاتێک خەڵکەکە دەرکران، هاتە ژوورەوە و دەستی کچەکەی گرت، کچەش هەستایەوە.
26
ئەم هەواڵەش بە هەموو ئەو ناوچەیەدا بڵاو بووەوە.
چاککردنەوەی دوو کەسی نابینا 
27
کاتێک عیسا بەوێدا تێدەپەڕی، دوو کەسی نابینا دوای کەوتن، هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»
28
کاتێک هاتە ماڵەوە، کەسە نابیناکان هاتنە لای. عیساش پێی فەرموون: «باوەڕتان بەوە هەیە کە من بتوانم ئەمە بکەم؟»
وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ گەورەم.»
29
ئینجا ئەویش دەستی لە چاویان دا و فەرمووی: «با بەگوێرەی باوەڕتان بۆتان ببێت.»
30
ئیتر بیناییان بۆ گەڕایەوە، عیساش بە توندی ئاگاداری کردنەوە: «ئاگاداربن با کەس نەزانێت.»
31
بەڵام ئەوان ڕۆیشتن و هەواڵی ئەویان لە هەموو ناوچەکەدا بڵاوکردەوە.
لاڵێک دەکەوێتە قسەکردن 
32
کاتێک دوو کابراکە دەچوونە دەرەوە، چەند کەسێک لاڵێکیان هێنایە لای عیسا کە ڕۆحی پیسی تێدابوو.
33
کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. خەڵکەکەش سەرسام بوون و گوتیان: «هەرگیز شتی لەم جۆرە لە ئیسرائیلدا نەبینراوە.»
34
بەڵام فەریسییەکان گوتیان: «بە شای ڕۆحە پیسەکان ڕۆحی پیس دەردەکات.»
دروێنەی زۆر و سەپانی کەم 
35
عیسا بە هەموو شار و گوندەکاندا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند و هەموو نەخۆشی و نەساغییەکی چاک دەکردەوە.
36
کاتێک خەڵکەکەی بینی دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان پەرێشان و سەرلێشێواو بوون.
37
جا بە قوتابییەکانی فەرموو: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان کەمە.
38
لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت.»
  1. a. 9‏:1 ناسیرە.‏
  2. b. 9‏:13 هۆشەع 6‏:6‏‏
  3. c. 9‏:18 پێشەوای کەنیشت.‏
  4. d. 9‏:23 لەلای جولەکەکان باو بووە کە بە شمشاڵ لێدان شیوەن بۆ مردوو بگێڕن وەک سەردولکەبێژ.‏