عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یەشوع ڕابەرەکان بە خودا دەسپێرێت 
1
پاش بەسەرچوونی ماوەیەکی زۆر، لەدوای ئەوەی یەزدان ئیسرائیلی لە دوژمنەکانی دەوروبەریان حەساندەوە، یەشوع پیر بوو و بەساڵدا چوو،
2
هەموو ئیسرائیلی بە پیر و ڕابەر و دادوەر و کوێخاکانیەوە بانگکرد و پێی گوتن: «ئەوا من پیر بووم، بەساڵدا چووم و
3
ئێوەش هەموو ئەوەتان بینیوە کە یەزدانی پەروەردگارتان لەبەر ئێوە بە هەموو ئەو نەتەوانەی کرد، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لە جیاتی ئێوە جەنگا.
4
ببینن، من خاکی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە بە تیروپشک بۆم دابەش کردوون بە میرات بەپێی هۆزەکانتان، هەموو ئەو نەتەوانەم بەزاندووە، لە ڕووباری ئوردونەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست[a] بەرەو ڕۆژئاوا.
5
یەزدانی پەروەردگارتان خۆی لەبەردەمتان ڕایاندەماڵێت و لەپێشتان دەریاندەکات، ئێوەش دەست بەسەر خاکەکەیاندا دەگرن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان بەڵێنی پێدان.
6
«جا زۆر بەهێز بن بۆ پاراستن و کارکردن بە هەموو ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، بەبێ ئەوەی کە بەلای ڕاست یان چەپدا لێی لابدەن.
7
تێکەڵی ئەم نەتەوانە مەبن، ئەوانەی لەگەڵتان ماونەتەوە ناوی خوداوەندەکانیان مەهێنن، سوێندیان پێ مەخۆن، مەیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ مەبەن.
8
بەڵکو دەست بە یەزدانی پەروەردگارتانەوە بگرن هەروەک هەتا ئەمڕۆ کردووتانە.
9
«یەزدان نەتەوە مەزن و بەهێزەکانی لەبەردەمتان دەرکردووە و هەتا ئەمڕۆش کەس لەبەردەمتاندا خۆی ڕانەگرتووە.
10
یەک پیاو لە ئێوە هەزار دەردەپەڕێنێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لە جیاتی ئێوە دەجەنگێت هەروەک بەڵێنی پێدان.
11
جا زۆر ئاگاداری خۆتان بن کە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت.
12
«بەڵام ئەگەر گەڕانەوە و هاوپەیمانیێتی بەجێماوەکانی ئەو نەتەوانەوەتان کرد، ئەوانەی کە لەگەڵتان ماونەتەوە، ژن و ژنخوازیتان لەگەڵدا کردن و هەڵسوکەوتتان لەگەڵیان کرد،
13
ئەوا باش بزانن کە ئیتر یەزدانی پەروەردگارتان ئەو نەتەوانە لەبەردەمتان دەرناکات، بەڵکو دەبنە داو و تەڵە، قامچی لەسەر پشتتان و دڕک لەناو چاوتان، هەتا لەسەر ئەو خاکە چاکە لەناودەچن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون.
14
«ئەوەتا خەریکە منیش ئەمڕۆ وەک هەموو دانیشتووانی زەوی کۆچی دوایی دەکەم، ئێوەش بە هەموو دڵ و بە هەموو دەروونتانەوە دەزانن کە تەنها یەک بەڵێن نەشکاوە لە هەموو ئەو بەڵێنە چاکانەی یەزدان دەربارەی ئێوە فەرمووبووی، هەمووی بۆتان هاتە دی، یەک بەڵێنی لێ نەشکاوە.
15
ئاواش دەبێت، هەروەک چۆن هەموو ئەو بەڵێنە چاکانەی یەزدانی پەروەردگارتان دەربارەی ئێوە بەڵێنی دابوو هاتە دی، بە هەمان شێوە یەزدان هەموو شتە خراپەکانتان بەسەردا دەهێنێت، هەتا لەسەر ئەم خاکە چاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون لەناوتان دەبات.
16
ئەگەر پەیمانەکەی یەزدانی پەروەردگارتان بشکێنن کە فەرمانی پێ کردن، بڕۆن و خوداوەندی دیکە بپەرستن و کڕنۆشی بۆ ببەن، تووڕەیی یەزدان بەسەرتاندا دەجۆشێت و بە زوویی لەسەر ئەو خاکە چاکە لەناودەچن کە پێیداون.»
  1. a. 23‏:4 دەریای سپی ناوەڕاست: عیبری دەریای مەزن.‏