عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یه‌شوع ڕابه‌ره‌كان به‌ خودا ده‌سپێرێت 
1
پاش به‌سه‌رچوونی ماوه‌یه‌كی زۆر، له‌دوای ئه‌وه‌ی یه‌زدان ئیسرائیلی له‌ دوژمنه‌كانی ده‌وروبه‌ریان حه‌سانده‌وه‌، یه‌شوع پیر بوو و به‌ساڵدا چوو،
2
هه‌موو ئیسرائیلی به‌ پیر و ڕابه‌ر و دادوه‌ر و كوێخاكانیه‌وه‌ بانگكرد و پێی گوتن: «ئه‌وا من پیر بووم، به‌ساڵدا چووم و
3
ئێوه‌ش هه‌موو ئه‌وه‌تان بینیوه‌ كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌به‌ر ئێوه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كرد، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌ جیاتی ئێوه‌ جه‌نگا.
4
ببینن، من خاكی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ به‌ تیروپشك بۆم دابه‌ش كردوون به‌ میرات به‌پێی هۆزه‌كانتان، هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌م به‌زاندووه‌، له‌ ڕووباری ئوردونه‌وه‌ هه‌تا ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست[a] به‌ره‌و ڕۆژئاوا.
5
یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان خۆی له‌به‌رده‌متان ڕایانده‌ماڵێت و له‌پێشتان ده‌ریانده‌كات، ئێوه‌ش ده‌ست به‌سه‌ر خاكه‌كه‌یاندا ده‌گرن هه‌روه‌ك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان به‌ڵێنی پێدان.
6
«جا زۆر به‌هێز بن بۆ پاراستن و كاركردن به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ په‌ڕتووكی ته‌وراتی موسادا نووسراوه‌، تاكو نه‌ به‌لای ڕاست و نه‌ به‌لای چه‌پ لێی لا نه‌ده‌ن،
7
تاكو نه‌چنه‌ ناو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵتان ماونه‌ته‌وه‌ ناوی خوداوه‌نده‌كانیان مه‌هێنن، سوێندیان پێ مه‌خۆن، مه‌یانپه‌رستن و كڕنۆشیان بۆ مه‌به‌ن.
8
به‌ڵكو ده‌ست به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانه‌وه‌ بگرن هه‌روه‌ك هه‌تا ئه‌مڕۆ كردووتانه‌.
9
«یه‌زدان نه‌ته‌وه‌ مه‌زن و به‌هێزه‌كانی له‌به‌رده‌متان ده‌ركردووه‌ و هه‌تا ئه‌مڕۆش كه‌س له‌به‌رده‌متاندا خۆی ڕانه‌گرتووه‌.
10
یه‌ك پیاو له‌ ئێوه‌ هه‌زار ده‌رده‌په‌ڕێنێت، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌ جیاتی ئێوه‌ ده‌جه‌نگێت هه‌روه‌ك به‌ڵێنی پێدان.
11
جا زۆر ئاگاداری خۆتان بن كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆتان خۆشبوێت.
12
«به‌ڵام ئه‌گه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ و هاوپه‌یمانیێتی به‌جێماوه‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌وه‌تان كرد، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵتان ماونه‌ته‌وه‌، ژن و ژنخوازیتان له‌گه‌ڵدا كردن و هه‌ڵسوكه‌وتتان له‌گه‌ڵیان كرد،
13
ئه‌وا باش بزانن كه‌ ئیتر یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ له‌به‌رده‌متان ده‌رناكات، به‌ڵكو ده‌بنه‌ داو و ته‌ڵه‌، قامچی له‌سه‌ر پشتتان و دڕك له‌ناو چاوتان، هه‌تا له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ چاكه‌ له‌ناوده‌چن كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێیداون.
14
«ئه‌وه‌تا خه‌ریكه‌ منیش ئه‌مڕۆ وه‌ك هه‌موو دانیشتووانی زه‌وی كۆچی دوایی ده‌كه‌م، ئێوه‌ش به‌ هه‌موو دڵ و به‌ هه‌موو ده‌روونتانه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ ته‌نها یه‌ك به‌ڵێن نه‌شكاوه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنه‌ چاكانه‌ی یه‌زدان ده‌رباره‌ی ئێوه‌ فه‌رمووبووی، هه‌مووی بۆتان هاته‌ دی، یه‌ك به‌ڵێنی لێ نه‌شكاوه‌.
15
ئاواش ده‌بێت، هه‌روه‌ك چۆن هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنه‌ چاكانه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ده‌رباره‌ی ئێوه‌ به‌ڵێنی دابوو هاته‌ دی، به‌ هه‌مان شێوه‌ یه‌زدان هه‌موو شته‌ خراپه‌كانتان به‌سه‌ردا ده‌هێنێت، هه‌تا له‌سه‌ر ئه‌م خاكه‌ چاكه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێیداون له‌ناوتان ده‌بات.
16
كاتێك په‌یمانه‌كه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ده‌شكێنن كه‌ فه‌رمانی پێ كردن، ده‌ڕۆن و خودای دیكه‌ ده‌په‌رستن و كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن، تووڕه‌یی یه‌زدان به‌سه‌رتاندا ده‌جۆشێت و به‌ زوویی له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ چاكه‌ له‌ناوده‌چن كه‌ پێیداون.»
  1. a. 23‏:4 ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست: عیبری ده‌ریای مه‌زن.