عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شه‌ڕ له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ی كه‌نعانییه‌كان 
1
له‌دوای مردنی یه‌شوع، نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ یه‌زدانیان پرسی و گوتیان: «كێ له‌ ئێمه‌ یه‌كه‌م جار بچێت بۆ شه‌ڕكردن له‌ دژی كه‌نعانییه‌كان؟»
2
یه‌زدانیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «با هۆزی یه‌هودا بچن، من وا خاكه‌كه‌م خستووه‌ته‌ ژێر ده‌ستیان.»
3
پیاوانی یه‌هوداش به‌ شیمۆنییه‌كانی برایانیان گوت: «له‌و به‌شه‌ خاكه‌ی له‌ تیروپشك بۆمان ده‌رچووه‌ له‌گه‌ڵمان وه‌رن، با له‌ دژی كه‌نعانییه‌كان بجه‌نگین، ئینجا ئێمه‌ش له‌و به‌شه‌ خاكه‌ی كه‌ بۆتان ده‌رچووه‌ له‌گه‌ڵتان دێین.» شیمۆنییه‌كانیش له‌گه‌ڵیان چوون.
4
پیاوانی یه‌هودا چوون، یه‌زدانیش كه‌نعانی و پریزییه‌كانی خسته‌ ژێر ده‌ستیان، ئه‌وانیش له‌ به‌زه‌ق ده‌ هه‌زار پیاویان لێ كوشتن.
5
ئینجا له‌ به‌زه‌ق، ئه‌دۆنی به‌زه‌قیان[a] دۆزییه‌وه‌ و شه‌ڕیان له‌ دژی كرد، كه‌نعانی و پریزییه‌كانیان شكاند.
6
ئه‌دۆنی به‌زه‌ق هه‌ڵات، به‌ڵام ئه‌وان به‌دوای كه‌وتن و گرتیان، په‌نجه‌ گه‌وره‌ی ده‌ست و قاچیان بڕی.
7
ئه‌دۆنی به‌زه‌ق گوتی: «حه‌فتا پاشا كه‌ په‌نجه‌ گه‌وره‌ی ده‌ست و قاچیان بڕابوو له‌ژێر مێزی نانخواردنه‌كه‌م به‌رماوه‌یان هه‌ڵده‌گرته‌وه‌، ئه‌وه‌ی كردبووم خودا پێی كردمه‌وه‌.» ئینجا هێنایانه‌ ئۆرشه‌لیم و له‌وێ مرد.
8
كوڕانی یه‌هودا هێرشیان برده‌ سه‌ر ئۆرشه‌لیم و گرتیان، خه‌ڵكه‌كه‌یان به‌ شمشێر كوشت و ئاگریان له‌ شاره‌كه‌ به‌ردا.
9
له‌دوای ئه‌وه‌ كوڕانی یه‌هودا به‌ره‌و خواره‌وه‌ چوون بۆ شه‌ڕكردن له‌ دژی كه‌نعانییه‌كانی ناوچه‌ شاخاوییه‌كان و ئه‌وانه‌ی نه‌قه‌ب و ئه‌وانه‌ی له‌ زوورگه‌كانی[b] خۆرئاوا نیشته‌جێ بوون.
10
ئینجا كوڕانی یه‌هودا به‌ره‌و كه‌نعانییه‌كانی دانیشتووی حه‌برۆن چوون و شێشه‌ی و ئه‌حیمه‌ن و ته‌لمه‌ییان به‌زاند. حه‌برۆن پێشتر ناوی قیریه‌ت ئه‌ربه‌ع بوو.
11
له‌وێشه‌وه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر دانیشتووانی ده‌ڤیر پێشڕه‌وییان كرد، ده‌ڤیر پێشتر ناوی قیریه‌ت سێفه‌ر بوو.
12
ئینجا كالێب گوتی: «ئه‌وه‌ی په‌لاماری قیریه‌ت سێفه‌ر بدات و بیگرێت، عه‌كسای كچمی ده‌ده‌مێ ببێته‌ ژنی.»
13
ئیتر عۆسنیێلی كوڕی[c] قه‌نه‌زی برای كالێب كه‌ له‌و بچووكتر بوو، قیریه‌ت سێفه‌ری گرت. كالێبیش عه‌كسای كچی دایێ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ژنی.
14
ئینجا له‌ كاتی هاتنی بۆ لای عۆسنیێل، عه‌كسا هانی دا بۆ ئه‌وه‌ی داوای كێڵگه‌یه‌ك له‌ باوكی بكات. كاتێك عه‌كسا له‌ گوێدرێژه‌كه‌ دابه‌زی، كالێب لێی پرسی: «چیت بۆ بكه‌م؟»
15
ئه‌ویش پێی گوت: «به‌ره‌كه‌تێكم بده‌رێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ نه‌قه‌ب زه‌ویت پێداوم، سه‌رچاوه‌كانی ئاوم بده‌رێ.» كالێبیش كانیاوه‌كانی سه‌روو و خوارووی پێدا.
16
نه‌وه‌ی خه‌زووری موسا، ئه‌وه‌ی كه‌ قێنی بوو[d] ، له‌ شاری دار خورما[e] له‌گه‌ڵ كوڕانی یه‌هودا چوونه‌ چۆڵه‌وانی یه‌هودا له‌ نه‌قه‌ب له‌ نزیكی عه‌راد، چوون و له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌[f] نیشته‌جێ بوون.
17
پیاوه‌كانی یه‌هودا له‌گه‌ڵ شیمۆنییه‌كانی برایان چوون و كه‌نعانییه‌كانی دانیشتووی چه‌فه‌تیان به‌زاند، به‌ ته‌واوی وێرانیان كرد[g] ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناویان له‌ شاره‌كه‌ نا حۆرما[h] .
18
كوڕانی یه‌هودا ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر غه‌زه‌ و ئه‌سقه‌لان و عه‌قرۆن و سنووره‌كانیان.
19
یه‌زدانیش له‌گه‌ڵ كوڕانی یه‌هودا بوو، جا ناوچه‌ شاخاوییه‌كه‌ بووه‌ موڵكیان، به‌ڵام نه‌یانتوانی دانیشتووانی ده‌شتاییه‌كان ده‌ربكه‌ن، چونكه‌ گالیسكه‌ی ئاسنینیان هه‌بوو.
20
هه‌روه‌ك موسا به‌ڵێنی دابوو[i] ، حه‌برۆنیان دایه‌ كالێب، ئه‌ویش هه‌ر سێ خێڵی نه‌وه‌ی عه‌ناقی له‌وێ ده‌ركرد.
21
به‌ڵام هۆزی بنیامینیش یه‌بوسییه‌كانی دانیشتووی ئۆرشه‌لیمیان ده‌رنه‌كرد، ئیتر یه‌بوسییه‌كان له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی بنیامین له‌ ئۆرشه‌لیم ژیان، هه‌تا ئه‌مڕۆش.
22
هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه‌ی یوسف هێرشیان برده‌ سه‌ر بێت‌ئێل و یه‌زدانیش له‌گه‌ڵیان بوو.
23
كاتێك ماڵی یوسف سیخوڕیان نارد بۆ بێت‌ئێل، كه‌ پێشتر شاره‌كه‌ ناوی لوز بوو،
24
سیخوڕه‌كان پیاوێكیان بینی له‌ شاره‌كه‌ هاتبووه‌ ده‌ره‌وه‌، پێیان گوت: «ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌مان پیشان بده‌، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵت باش ده‌بین.»
25
ئه‌ویش ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌ی پیشاندان، ئه‌وانیش شاره‌كه‌یان دایه‌ به‌ر زه‌بری شمشێر، به‌ڵام پیاوه‌كه‌ و هه‌موو تیره‌كه‌ی ئه‌ویان به‌ڕه‌ڵا كرد.
26
پیاوه‌كه‌ش چوو بۆ خاكی حیتییه‌كان و شارێكی دروستكرد و ناوی لێنا لوز، هه‌تا ئه‌مڕۆش ئه‌وه‌ ناویه‌تی.
27
به‌ڵام مه‌نه‌شه‌ ئه‌م خه‌ڵكانه‌ی له‌گه‌ڵ دانیشتووانی ده‌وروبه‌ریان ده‌رنه‌كرد: خه‌ڵكی بێت‌شان و ته‌عنه‌ك و دۆر و یه‌ڤله‌عام و مه‌گیدۆ، چونكه‌ كه‌نعانییه‌كان سوور بوون له‌سه‌ر نیشته‌جێبوون له‌و خاكه‌.
28
كاتێك ئیسرائیلییه‌كان به‌هێز بوون، كه‌نعانییه‌كانیان خسته‌ ژێر كاری بێگاری، به‌ڵام به‌ ته‌واوی ده‌ریاننه‌كردن.
29
ئه‌فرایمییه‌كانیش ئه‌و كه‌نعانیانه‌یان ده‌رنه‌كرد كه‌ دانیشتووی گه‌زه‌ر بوون، به‌ڵكو كه‌نعانییه‌كان له‌ گه‌زه‌ر له‌نێویان نیشته‌جێ بوون.
30
زه‌بولونییه‌كانیش دانیشتووانی قیترۆن و دانیشتووانی نه‌هه‌لۆلیان ده‌رنه‌كرد، جا كه‌نعانییه‌كان له‌نێویان نیشته‌جێ بوون و له‌ژێر كاری بێگاریدا بوون.
31
ئاشێرییه‌كانیش دانیشتووانی عه‌كۆیان ده‌رنه‌كرد، هه‌روه‌ها دانیشتووانی سه‌یدا و ئه‌حلاڤ و ئه‌كزیڤ و حه‌لبا و ئه‌فێق و ڕه‌حۆڤیش.
32
ئیتر ئاشێرییه‌كان له‌نێو كه‌نعانییه‌كانی دانیشتووی خاكه‌كه‌ نیشته‌جێ بوون، چونكه‌ ده‌ریاننه‌كردن.
33
نه‌فتالییه‌كانیش دانیشتووانی بێت‌شه‌مه‌ش و دانیشتووانی بێت‌عه‌ناتیان ده‌رنه‌كرد، به‌ڵكو له‌نێو كه‌نعانییه‌كانی دانیشتووی خاكه‌كه‌ نیشته‌جێ بوون، ئیتر دانیشتووانی بێت‌شه‌مه‌ش و بێت‌عه‌نات له‌ژێر كاری بێگاری بوون بۆیان.
34
ئه‌مورییه‌كانیش نه‌وه‌ی دانیان له‌ ناوچه‌ی شاخاوی گه‌مارۆ دا، چونكه‌ نه‌یانهێشت دابه‌زن بۆ دۆڵه‌كه‌.
35
ئه‌مورییه‌كانیش سوور بوون له‌سه‌ر نیشته‌جێبوون له‌ كێوی حه‌ره‌س و له‌ ئه‌یالۆن و له‌ شه‌عه‌لڤیم، به‌ڵام كاتێك ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی یوسف به‌هێز بوو، ئه‌وانیش بێگارییان پێ كردن.
36
سنووری ئه‌مورییه‌كانیش له‌ هه‌ورازی دووپشك له‌ سه‌له‌عه‌وه‌ و به‌ره‌و ژوور ده‌چوو.
  1. a. 1‏:5 واته‌ میری به‌زه‌ق.
  2. b. 1‏:9 زوورگ: له‌ ته‌پۆڵكه‌ به‌رزتره‌، هه‌روه‌ك به‌رزاییه‌كانی زوورگه‌زراو له‌ كوردستان.
  3. c. 1‏:13 واته‌ عۆسنیێل برازای كالێب بوو، \+xt بڕوانه‌ 3‏:9‏\+xt*.
  4. d. 1‏:16 خه‌زووری موسا ناوی (یه‌ترۆ) بوو، هه‌روه‌ها (ڕه‌عوئێل)یشی پێ ده‌گوترا. ده‌شێت ڕه‌عوئێل ناوی خێڵی یه‌ترۆ بووبێت. بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 3‏:1 و 2‏:18 و سه‌رژمێری 10‏:29‏\+xt*‏.
  5. e. 1‏:16 مه‌به‌ستی له‌ شاری ئه‌ریحایه‌، لێره‌ و له‌ \+xt 3‏:13‏\+xt*.
  6. f. 1‏:16 ده‌شێت به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ گه‌له‌كه‌ عه‌مالێقییه‌كان بووبن. بڕوانه‌ \+xt یه‌كه‌م ساموئێل 15‏:6‏\+xt*‏.
  7. g. 1‏:17 به‌ ته‌واوی وێرانیان كرد: له‌ زمانی عیبری ئه‌م زاراوه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شتێك یان كه‌سێك كه‌ ده‌به‌خشرێت به‌ یه‌زدان، زۆر جار به‌خشینه‌كه‌ به‌ ته‌واوی له‌ ناوده‌بردرێت.
  8. h. 1‏:17 حۆرما واته‌ وێرانكردن.
  9. i. 1‏:20 بڕوانه‌ \+xt یه‌شوع 14‏:9‏\+xt*‏.