عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بانگه‌واز بۆ بنیادنانه‌وه‌ی ماڵی یه‌زدان 
1
له‌ یه‌كی مانگی شه‌شی ساڵی دووه‌می داریوشی پاشا فه‌رمایشتی یه‌زدان له‌ ڕێگه‌ی حه‌گه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ بۆ زروبابلی كوڕی شه‌ئه‌لتیێلی فه‌رمانڕه‌وای یه‌هودا و بۆ یه‌شوعی كوڕی یه‌هۆچاداقی سه‌رۆك كاهین هات و فه‌رمووی:
2
یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: «ئه‌م گه‌له‌ گوتیان: ”هه‌تا ئێستا كاتی بنیادنانه‌وه‌ی ماڵی یه‌زدان نه‌هاتووه‌.“»
3
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدان له‌ ڕێگه‌ی حه‌گه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ هات:
4
«ئایا ده‌گونجێ كه‌ له‌ ماڵه‌ ڕازاوه‌كه‌تان دابنیشن، به‌ڵام ئه‌م ماڵه‌ وێرانه‌؟»
5
ئێستاش یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: «له‌ كرده‌وه‌كانتان ڕابمێنن.
6
زۆرتان چاند، به‌ڵام كه‌م هات. خواردتان، به‌ڵام تێر نه‌بوون. خواردتانه‌وه‌، به‌ڵام تینووێتیتان نه‌شكا. به‌رگتان پۆشی، به‌ڵام گه‌رم نه‌بوونه‌وه‌. كرێگرته‌ش كرێ وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ده‌یخاته‌ گیرفانێكی دڕاو.»
7
یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: «له‌ كرده‌وه‌كانتان ڕابمێنن.
8
سه‌ربكه‌ونه‌ سه‌ر چیا و دار بهێنن و ماڵه‌كه‌ی من بنیاد بنێن، لێی ڕازی ده‌بم و شكۆدار ده‌بم.
9
چاوه‌ڕێی زۆرتان كرد، به‌ڵام كه‌م هات. ئه‌وه‌ی ئێوه‌ هێناتانه‌ ماڵه‌وه‌، فووم لێی كرد. له‌به‌ر چی؟ له‌به‌ر ماڵه‌كه‌م، ئه‌وه‌ی كه‌ وێرانه‌، ئێوه‌ش هه‌ریه‌كه‌ و به‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌.
10
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاسمان شه‌ونمی ڕاگرت و زه‌ویش به‌روبوومی خۆی ڕاگرت.
11
من وشكه‌ساڵیم بانگكرد بۆ سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ و بۆ سه‌ر چیاكان، بۆ دانه‌وێڵه‌ و شه‌رابی نوێ و زه‌یت، بۆ سه‌ر هه‌رچی خاكه‌كه‌ به‌رهه‌می ده‌هێنێت، بۆ سه‌ر مرۆڤ و ئاژه‌ڵ، بۆ سه‌ر هه‌موو كاره‌كانی ده‌ست.» ئه‌مه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی سوپاسالاره‌.
12
ئینجا زروبابلی كوڕی شه‌ئه‌لتیێل و یه‌شوعی كوڕی یه‌هۆچاداقی سه‌رۆك كاهین و هه‌موو پاشماوه‌ی گه‌ل گوێڕایه‌ڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریان و په‌یامه‌كه‌ی حه‌گه‌ی پێغه‌مبه‌ر نه‌بوون كه‌ یه‌زدانی خودایان ناردی، گه‌ل له‌به‌رده‌م یه‌زدان ترسان.
13
ئینجا حه‌گه‌ی نێردراوی یه‌زدان په‌یامه‌كه‌ی یه‌زدانی به‌ هه‌موو گه‌ل ڕاگه‌یاند و گوتی: «یه‌زدان ده‌فه‌رموێت، من له‌گه‌ڵتاندام.»
14
ئینجا یه‌زدان ڕۆحی زروبابلی كوڕی شه‌ئه‌لتیێلی فه‌رمانڕه‌وای یه‌هودای هه‌ژاند له‌گه‌ڵ ڕۆحی یه‌شوعی كوڕی یه‌هۆچاداقی سه‌رۆك كاهین و ڕۆحی هه‌موو پاشماوه‌ی گه‌ل، جا هاتن و كاره‌كه‌ی ماڵی یه‌زدانی سوپاسالاری خودای خۆیان ئه‌نجام دا،
15
له‌ بیست و چواری شه‌شی ساڵی دووه‌می داریوشی پاشا.