عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕاكردنی یاقوب له‌لای لابان 
1
یاقوب گوێی له‌ قسه‌كانی كوڕه‌كانی لابان بوو كه‌ گوتبوویان، «هه‌موو ئه‌وه‌ی هی باوكمان بوو، یاقوب بردی، له‌وه‌ی هی باوكمان بوو هه‌موو ئه‌م سامانه‌ی دروستكرد.»
2
هه‌روه‌ها یاقوب سه‌یری لابانی كرد و بینی كه‌ به‌رامبه‌ری گۆڕاوه‌ و وه‌ك جاران نه‌ماوه‌.
3
یه‌زدان به‌ یاقوبی فه‌رموو: «بگه‌ڕێوه‌ بۆ خاكی باوكانت و بۆ لای كه‌سوكاره‌كه‌ت، منیش له‌گه‌ڵت ده‌بم.»
4
یاقوبیش به‌دوای ڕاحێل و لێئه‌دا ناردی بێنه‌ لای له‌و له‌وه‌ڕگایه‌ی مه‌ڕوماڵاته‌كه‌ی لێیه‌.
5
پێی گوتن: «ده‌بینم باوكتان به‌رامبه‌ر به‌ من گۆڕاوه‌ و وه‌ك جاران نه‌ماوه‌، به‌ڵام خودای باوكم له‌گه‌ڵ من بووه‌.
6
خۆتان ده‌زانن كه‌ من به‌ هه‌موو توانامه‌وه‌ خزمه‌تی باوكتانم كردووه‌،
7
كه‌چی باوكتان هه‌ڵیخه‌ڵه‌تاندم و ده‌ جار كرێیه‌كه‌ی منی گۆڕی. به‌ڵام خودا ڕێی پێنه‌دا كه‌ خراپه‌م له‌گه‌ڵ بكات.
8
كاتێك ده‌یگوت: ”بزنه‌ خاڵداره‌كان كرێی تۆ ده‌بن،“ ئه‌وا هه‌موو بزنه‌كان كاریله‌ی خاڵداریان ده‌بوو. به‌ڵام كاتێك ڕای خۆی ده‌گۆڕی و ده‌یگوت: ”بزنه‌ خه‌تداره‌كان كرێی تۆ ده‌بن،“ ئه‌وا هه‌موو بزنه‌كان كاریله‌ی خه‌تداریان ده‌بوو.
9
خودا مه‌ڕوماڵاتی باوكتانی برد و دایه‌ من.
10
«له‌ كاتی په‌ڕینی ئاژه‌ڵ، چاوم هه‌ڵبڕی و له‌ خه‌وندا بینیم، وا ته‌گه‌كان كه‌ له‌گه‌ڵ بزنه‌كان ده‌په‌ڕن خه‌تدار و خاڵدار و به‌ڵه‌كن.
11
فریشته‌ی خوداش له‌ خه‌ونه‌كه‌ پێی فه‌رمووم: ”یاقوب.“ منیش گوتم: ”ئه‌وه‌تام.“
12
ئه‌ویش فه‌رمووی: ”چاو هه‌ڵبڕه‌ و بڕوانه‌، وا هه‌موو ئه‌و ته‌گانه‌ی له‌گه‌ڵ بزنه‌كان جووت ده‌بن خه‌تدار و خاڵدار و به‌ڵه‌كن. هه‌موو ئه‌وه‌م بینیوه‌ كه‌ لابان به‌ تۆی كردووه‌.
13
من خودای بێت‌ئێلم، ئه‌و شوێنه‌ی تێیدا به‌ردێكت به‌ ستوونی ڕاگیر كرد و زه‌یتت به‌سه‌ریدا كرد، له‌وێ نه‌زرت بۆ كردم. ئێستاش هه‌سته‌ و له‌م خاكه‌ بڕۆ ده‌ره‌وه‌ و بگه‌ڕێوه‌ بۆ خاكی له‌دایكبوونه‌كه‌ت.“»
14
ئینجا ڕاحێل و لێئه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێیان گوت: «ئایا له‌ ماڵی باوكمان به‌ش و میراتمان هه‌یه‌؟
15
مه‌گه‌ر لای ئه‌و به‌ بێگانه‌ دانه‌نراوین؟ چونكه‌ ئێمه‌ی فرۆشت و ئه‌و نرخه‌ی پێشمان درابوو خواردی.
16
هه‌موو ئه‌و سامانه‌ی خودا له‌ باوكمانی برد بۆ ئێمه‌ و منداڵه‌كانمانه‌. ئێستاش هه‌رچی خودا پێی فه‌رموویت بیكه‌.»
17
ئیتر یاقوب هه‌ستا و منداڵه‌كانی و ژنه‌كانی سواری وشتره‌كان كرد.
18
هه‌موو مه‌ڕوماڵات و ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ده‌ستی كه‌وتبوو دایه‌ پێش خۆی، ئه‌وه‌ی هه‌یبوو و له‌ په‌دان ئارام په‌یدای كردبوو، بۆ لای ئیسحاقی باوكی چوو له‌ خاكی كه‌نعان.
19
لابان بۆ بڕینه‌وه‌ی مه‌ڕه‌كانی چووبوو، ڕاحێلیش بته‌كانی[a] باوكی دزی.
20
هه‌روه‌ها یاقوبیش لابانی ئارامی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند، چونكه‌ پێی ڕانه‌گه‌یاند كه‌ ڕاده‌كات.
21
ئیتر به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌وه‌ كه‌ هه‌یبوو هه‌ڵات، له‌ ڕووباری فورات په‌ڕییه‌وه‌ و ڕووی كرده‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی گلعاد.
لابان دوای یاقوب ده‌كه‌وێت 
22
ڕۆژی سێیه‌م به‌ لابان ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ یاقوب هه‌ڵاتووه‌.
23
ئه‌ویش پیاوه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆی برد و بۆ ماوه‌ی حه‌وت ڕۆژ دوای كه‌وت، هه‌تا له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی گلعاد پێی گه‌یشته‌وه‌.
24
خودا له‌ شه‌ودا هاته‌ خه‌وی لابانی ئارامی و پێی گوت: «وریابه‌! نه‌ به‌ چاك و نه‌ به‌ خراپ هیچ به‌ یاقوب نه‌ڵێیت.»
25
كاتێك لابان گه‌یشته‌ یاقوب، یاقوب له‌ چیاكه‌ چادره‌كه‌ی هه‌ڵدابوو، لابانیش له‌گه‌ڵ پیاوه‌كانی له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی گلعاد چادریان هه‌ڵدا.
26
لابان به‌ یاقوبی گوت: «ئه‌مه‌ چییه‌ كردووته‌؟ هه‌ڵتخه‌ڵه‌تاندووم و كچه‌كانی منیشت وه‌ك ڕاپێچكراو داوه‌ته‌ پێش خۆت.
27
بۆچی به‌دزییه‌وه‌ ڕات كرد و هه‌ڵتخه‌ڵه‌تاندم؟ بۆچی ئاگادارت نه‌كردمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شادی و گۆرانییه‌وه‌، به‌ ده‌ف و به‌ قیساره‌وه‌ به‌ڕێت بكه‌م؟
28
ته‌نانه‌ت بوارت نه‌دام كوڕ و كچه‌كانم ماچ بكه‌م. تۆ ڕه‌فتارێكی گێلانه‌ت كرد.
29
له‌ ده‌سه‌ڵاتمدایه‌ خراپتان پێ بكه‌م، به‌ڵام خودای باوكتان دوێنێ پێی گوتم: ”وریابه‌! نه‌ به‌ چاك و نه‌ به‌ خراپ هیچ به‌ یاقوب نه‌ڵێیت.“
30
ئێستاش وا ڕۆیشتی، چونكه‌ تامه‌زرۆی بۆ ماڵی باوكت، به‌ڵام بۆچی بته‌كانی منت دزی؟»
31
یاقوبیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و به‌ لابانی گوت: «چونكه‌ ترسام نه‌وه‌ك به‌ زۆره‌ملێ كچه‌كانتم لێ بستێنیته‌وه‌.
32
ئه‌وه‌ش كه‌ بته‌كانتی له‌لا ده‌بینیته‌وه‌، نابێت بژیێت. له‌به‌رده‌م كه‌سوكاریشماندا ببینه‌ چی تۆم له‌لایه‌، بیبه‌ بۆ خۆت.» به‌ڵام یاقوب نه‌یده‌زانی كه‌ ڕاحێل دزیویه‌تی.
33
ئیتر لابان چووه‌ ناو چادره‌كه‌ی یاقوب و چادره‌كه‌ی لێئه‌ و چادری هه‌ردوو كه‌نیزه‌كه‌وه‌، به‌ڵام هیچی نه‌دۆزییه‌وه‌. ئینجا له‌ چادره‌كه‌ی لێئه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و چووه‌ ناو چادره‌كه‌ی ڕاحێل.
34
ڕاحێل بته‌كانی بردبوو، خستبوویه‌ ناو كورتانی وشتره‌كه‌وه‌ و له‌سه‌ریان دانیشتبوو. لابانیش هه‌موو ناو چادره‌كه‌ گه‌ڕا به‌ڵام هیچی نه‌دۆزییه‌وه‌.
35
به‌ باوكی گوت: «گه‌وره‌م تووڕه‌ مه‌به‌، ناتوانم له‌به‌رده‌مت هه‌ستم، چونكه‌ خوێنلێچوونی ژنان و سووڕی مانگانه‌م هه‌یه‌.» ئه‌ویش پشكنینی خۆی كرد، به‌ڵام بته‌كانی نه‌دۆزییه‌وه‌.
36
بۆ یاقوب ناخۆش بوو، به‌گژ لاباندا چوو، یاقوب به‌ لابانی گوت: «تاوانم چییه‌؟ گوناهم چییه‌، وا گڕت گرت به‌دوامدا هاتیت؟
37
ئه‌وا هه‌موو شته‌كانم گه‌ڕایت، چ شتێكی ماڵه‌كه‌ی خۆتت تێدا دۆزییه‌وه‌؟ ئا لێره‌ بیخه‌ره‌ به‌رده‌م پیاوه‌كانم و پیاوه‌كانت، با ئه‌وان دادوه‌ری نێوان هه‌ردووكمان بكه‌ن.
38
«ئه‌وه‌ بیست ساڵه‌ من له‌گه‌ڵ تۆم، نه‌ مه‌ڕه‌كانت به‌ریان خست، نه‌ بزنه‌كانیشت، نه‌ منیش له‌ به‌رانی مێگه‌له‌كه‌ی تۆم خوارد.
39
ئه‌وانه‌ی ده‌بوونه‌ نێچیری ئاژه‌ڵ بۆم نه‌ده‌هێنایته‌وه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر من ده‌كه‌وتن. له‌ منت داوا ده‌كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ ڕۆژ بدزرابوونایه‌ یان به‌ شه‌و.
40
به‌ ڕۆژ گه‌رما ده‌یخواردم و به‌ شه‌ویش سه‌رما. خه‌ویش له‌ چاوم بڕابوو.
41
ئه‌وا بیست ساڵه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی تۆم، چوارده‌ ساڵ له‌بری دوو كچه‌كه‌ت خزمه‌تم بۆ كردیت و شه‌ش ساڵیش له‌بری مه‌ڕه‌كانت، ده‌ جاریش كرێیه‌كه‌ی منت گۆڕی.
42
ئه‌گه‌ر خوداكه‌ی باوكم، خودای ئیبراهیم و ئه‌وه‌ی ئیسحاق لێی ده‌ترسا له‌گه‌ڵ من نه‌بووایه‌، ئه‌وا ئێستا به‌ ده‌ستی به‌تاڵ به‌ڕێت ده‌كردم. به‌ڵام خودا ڕوانییه‌ ڕه‌نجكێشیم و ماندووبوونی ده‌ستم، دوێنێ شه‌و سه‌رزه‌نشتی كردیت.»
43
لابانیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و به‌ یاقوبی گوت: «كچه‌كان كچی خۆمن و منداڵه‌كانیشیان منداڵی خۆمن، مه‌ڕه‌كانیش مه‌ڕی خۆمه‌، هه‌رچییه‌كیش تۆ ده‌یبینیت هی منه‌. به‌ڵام ئه‌مڕۆ چی بكه‌م له‌ كچه‌كانم و له‌و منداڵانه‌ی بوویانه‌؟
44
ئێستاش وه‌ره‌ با من و تۆ په‌یمانێك ببه‌ستین، با ببێته‌ شایه‌تی له‌نێوان من و تۆ.»
45
یاقوبیش به‌ردێكی هێنا و به‌ ستوونی داینا.
46
ئینجا یاقوب به‌ پیاوه‌كانی خۆی گوت: «به‌رد كۆبكه‌نه‌وه‌.» ئه‌وانیش به‌ردیان هێنا و كه‌ڵه‌كه‌یان كردن، له‌وێ له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه‌ به‌رده‌كه‌ نانیان خوارد.
47
لابان ئه‌وێی ناونا «یه‌گه‌ر ساهه‌دوتا»، یاقوبیش ناوی لێنا گه‌لعید.
48
لابان گوتی: «ئه‌مڕۆ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ به‌رده‌ شایه‌تی نێوان من و تۆن.» بۆیه‌ ناونرا گه‌لعید.
49
هه‌روه‌ها ناویش نرا میچپا، چونكه‌ لابان گوتی: «با یه‌زدان چاودێری نێوان من و تۆ بكات، كاتێك له‌به‌رچاوی یه‌كتر ون ده‌بین.
50
ئه‌گه‌ر به‌دڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ كچه‌كانم بكه‌یت یان ژنیان به‌سه‌ربهێنیت، هه‌رچه‌نده‌ پیاومان له‌گه‌ڵ نییه‌، به‌ڵام خودا شایه‌تی نێوان من و تۆیه‌.»
51
هه‌روه‌ها لابان به‌ یاقوبی گوت: «ته‌ماشا ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ به‌رده‌ و ئه‌م ستوونه‌ بكه‌ كه‌ له‌نێوان خۆم و خۆت دامنا.
52
ئه‌م كه‌ڵه‌كه‌ به‌رده‌ شایه‌ته‌ و ئه‌م ستوونه‌ش شایه‌تییه‌ كه‌ من له‌م كه‌ڵه‌كه‌ به‌رده‌ تێناپه‌ڕم بۆ ئه‌وه‌ی خراپه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌م، تۆش له‌م كۆمه‌ڵه‌ به‌رده‌ و له‌م ستوونه‌ تێناپه‌ڕیت بۆ ئه‌وه‌ی خراپه‌م له‌گه‌ڵ بكه‌یت.
53
با خودای ئیبراهیم و خودای ناحۆر، خودای باوكیان، دادوه‌ری له‌نێوانمان بكه‌ن.»
ئیتر یاقوب به‌ ناوی ئه‌م خودایه‌ سوێندی خوارد كه‌ ئیسحاقی باوكی لێ ده‌ترسا.
54
ئینجا یاقوب له‌و ناوچه‌ی شاخاویدا قوربانی سه‌ربڕی و كه‌سوكاری بانگهێشت كرد بۆ نانخواردن. ئه‌وانیش نانیان خوارد و له‌ كێوه‌كه‌ شه‌ویان به‌سه‌ربرد.
55
بۆ سبه‌ی به‌یانی لابان زوو له‌ خه‌و هه‌ستا و كچه‌زاكانی و كچه‌كانی ماچكرد و داوای به‌ره‌كه‌تی بۆ كردن. ئیتر لابان به‌ره‌و شوێنی خۆی گه‌ڕایه‌وه‌.
  1. a. 31‏:19 عیبری: \+tl ته‌رافیم\+tl* جۆرێك بت بووه‌ له‌ناو ماڵ، له‌ شێوه‌ی مرۆڤدا بووه‌.