عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قولله‌ی بابل 
1
هه‌موو جیهان یه‌ك زمان و یه‌ك جۆر قسه‌كردنیان هه‌بوو.
2
ئینجا كاتێك بۆ ڕۆژهه‌ڵات كۆچیان كرد، ده‌شتاییه‌كیان له‌ خاكی شینعار[a] دۆزییه‌وه‌ و له‌وێ نیشته‌جێ بوون.
3
ئینجا به‌ یه‌كتریان گوت: «وه‌رن، با خشت دروستبكه‌ین و ته‌واو سووری بكه‌ینه‌وه‌.» ئیتر له‌ جیاتی به‌رد خشتیان به‌كارهێنا، قیڕیش له‌ جیاتی قوڕ.
4
هه‌روه‌ها گوتیان: «وه‌رن، با شارێك بۆ خۆمان دروستبكه‌ین له‌گه‌ڵ قولله‌یه‌ك كه‌ سه‌ری له‌ ئاسمان بدات. ناوێكیش بۆ خۆمان دروستده‌كه‌ین، تاكو به‌سه‌ر هه‌موو ڕووی زه‌ویدا په‌رت نه‌بین.»
5
به‌ڵام یه‌زدان بۆ بینینی ئه‌و شار و قولله‌یه‌ی كه‌ ئاده‌میزاد دروستی ده‌كرد هاته‌ خواره‌وه‌.
6
یه‌زدان فه‌رمووی: «ئه‌گه‌ر هه‌موویان یه‌ك گه‌ل و یه‌ك زمان بن، ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنیانه‌، هیچ شتێك له‌لایان مه‌حاڵ نابێت، له‌وه‌ی مه‌به‌ستیانه‌ بیكه‌ن.
7
وه‌رن با بچینه‌ خواره‌وه‌ و له‌وێ زمانیان بشێوێنین، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سیان له‌ زمانی ئه‌وی دیكه‌یان نه‌گات.»
8
ئینجا یه‌زدان له‌وێوه‌ به‌سه‌ر هه‌موو زه‌ویدا په‌رتی كردن. ئیتر وازیان له‌ بنیادنانی شاره‌كه‌ هێنا.
9
له‌به‌ر ئه‌مه‌ ناونرا بابل[b] ، چونكه‌ له‌وێدا یه‌زدان زمانی هه‌موو زه‌وی شێواند. هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ یه‌زدان به‌سه‌ر هه‌موو ڕووی زه‌ویدا په‌رتی كردن.
له‌ سامه‌وه‌ هه‌تا ئه‌برام 
10
ئه‌مانه‌ش نه‌وه‌كانی سامن.
دوو ساڵ له‌دوای لافاوه‌كه‌، كاتێك سام ته‌مه‌نی سه‌د ساڵ بوو، ئه‌رپه‌كشاد له‌ نه‌وه‌ی ئه‌و له‌دایكبوو.
11
دوای له‌دایكبوونی ئه‌رپه‌كشاد، سام پێنج سه‌د ساڵ ژیا، كوڕ و كچی دیكه‌شی بوو.
12
ئه‌رپه‌كشاد له‌ ته‌مه‌نی سی و پێنج ساڵیدا بووه‌ باوكی شاله‌ح.
13
دوای له‌دایكبوونی شاله‌ح، ئه‌رپه‌كشاد چوار سه‌د و سێ ساڵ ژیا، كوڕ و كچی دیكه‌شی بوو.
14
شاله‌ح له‌ ته‌مه‌نی سی ساڵیدا بووه‌ باوكی عێبه‌ر.
15
دوای له‌دایكبوونی عێبه‌ر، شاله‌ح چوار سه‌د و سێ ساڵ ژیا، كوڕ و كچی دیكه‌شی بوو.
16
عێبه‌ر له‌ ته‌مه‌نی سی و چوار ساڵیدا بووه‌ باوكی په‌له‌گ.
17
له‌دوای له‌دایكبوونی په‌له‌گ، عێبه‌ر چوار سه‌د و سی ساڵ ژیا، كوڕ و كچی دیكه‌شی بوو.
18
په‌له‌گ له‌ ته‌مه‌نی سی ساڵیدا بووه‌ باوكی ڕه‌عو.
19
دوای له‌دایكبوونی ڕه‌عو، په‌له‌گ دوو سه‌د و نۆ ساڵ ژیا، كوڕ و كچی دیكه‌شی بوو.
20
ڕه‌عو له‌ ته‌مه‌نی سی و دوو ساڵیدا بووه‌ باوكی سه‌روگ.
21
دوای له‌دایكبوونی سه‌روگ، ڕه‌عو دوو سه‌د و حه‌وت ساڵ ژیا، كوڕ و كچی دیكه‌شی بوو.
22
سه‌روگ له‌ ته‌مه‌نی سی ساڵیدا بووه‌ باوكی ناحۆر.
23
دوای له‌دایكبوونی ناحۆر، سه‌روگ دوو سه‌د ساڵ ژیا، كوڕ و كچی دیكه‌شی بوو.
24
ناحۆر له‌ ته‌مه‌نی بیست و نۆ ساڵیدا بووه‌ باوكی تاره‌ح.
25
دوای له‌دایكبوونی تاره‌ح، ناحۆر سه‌د و نۆزده‌ ساڵ ژیا، كوڕ و كچی دیكه‌شی بوو.
26
تاره‌ح له‌ ته‌مه‌نی حه‌فتا ساڵیدا بووه‌ باوكی ئه‌برام و ناحۆر و هاران.
27
ئه‌مانه‌ش نه‌وه‌كانی تاره‌حن.
تاره‌ح ئه‌برام و ناحۆر و هارانی بوو. هارانیش ڵوتی بوو.
28
هاران پێش تاره‌حی باوكی له‌ ئووری كلدانییه‌كان مرد، له‌و خاكه‌ی تێیدا له‌دایك ببوو.
29
ئه‌برام و ناحۆر هه‌ردووكیان ژنیان هێنا. ژنه‌كه‌ی ئه‌برام ناوی سارای بوو، ژنه‌كه‌ی ناحۆریش ناوی میلكه‌ی كچی هاران بوو، كه‌ هاران باوكی میلكه‌ و یه‌سكه‌ بوو.
30
سارای نه‌زۆك بوو، منداڵی نه‌بوو.
31
تاره‌ح ئه‌برامی كوڕی و ڵوتی كوڕه‌زای، كه‌ كوڕی هاران بوو، له‌گه‌ڵ سارای بووكی، كه‌ ژنی ئه‌برامی كوڕی بوو، هه‌موویانی برد. پێكه‌وه‌ له‌ ئووری كلدانییه‌كانه‌وه‌ به‌ڕێكه‌وتن تاكو بچنه‌ خاكی كه‌نعان. به‌ڵام كاتێك هاتنه‌ حه‌ڕان و له‌وێ نیشته‌جێ بوون.
32
ئینجا تاره‌ح له‌ ته‌مه‌نی دوو سه‌د و پێنج ساڵیدا له‌ حه‌ڕان مرد.
  1. a. 11‏:2 واته‌ بابل.
  2. b. 11‏:9 بابل له‌ وشه‌ی شێواندن له‌ زمانی عیبری نزیكه‌.