عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ده‌ركردن له‌ كۆمه‌ڵی یه‌زدانه‌وه‌ 
1
نابێت خه‌ساو یان قۆڕ یان كه‌سێك ئه‌ندامی نێرینه‌ی بڕابێته‌وه‌ بێته‌ ناو كۆمه‌ڵی یه‌زدان.
2
نابێت زۆڵ بێته‌ ناو كۆمه‌ڵی یه‌زدانه‌وه‌، هه‌تا نه‌وه‌ی ده‌یه‌م كه‌سی نایه‌ته‌ ناو كۆمه‌ڵی یه‌زدان.
3
هه‌رگیز نابێت عه‌مۆنی یان مۆئابی بێته‌ ناو كۆمه‌ڵی یه‌زدانه‌وه‌، هه‌تا نه‌وه‌ی ده‌یه‌م كه‌سیان نایه‌ته‌ ناو كۆمه‌ڵی یه‌زدانه‌وه‌،
4
چونكه‌ كاتێك ئێوه‌ له‌ میسر هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ ڕێگا به‌ نان و ئاوه‌وه‌ پێشوازییان لێ نه‌كردن، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌لعامی كوڕی به‌عۆری خه‌ڵكی په‌توری میسۆپۆتامیایان[a] له‌ دژی ئێوه‌ به‌كرێ گرت هه‌تا نه‌فره‌تتان لێ بكات.
5
به‌ڵام یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان نه‌یویست گوێ له‌ به‌لعام بگرێت، جا له‌ پێناوی ئێوه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان نه‌فره‌ته‌كه‌ی گۆڕی بۆ به‌ره‌كه‌ت، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان خۆشی ویستوون.
6
به‌ درێژایی ژیانتان هه‌رگیز داوای ئاشتی و چاكه‌یان بۆ مه‌كه‌ن.
7
ڕقت له‌ هیچ ئه‌دۆمییه‌ك نه‌بێته‌وه‌، چونكه‌ براته‌، ڕقت له‌ هیچ میسرییه‌ك نه‌بێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ خاكی ئه‌و نامۆ بوویت،
8
ئه‌و منداڵانه‌ی له‌وان له‌دایك ده‌بن له‌ نه‌وه‌ی سێیه‌مه‌وه‌ دێنه‌ ناو كۆمه‌ڵی یه‌زدانه‌وه‌.
گڵاوی له‌ ئۆردوگادا 
9
كاتێك له‌ دژی دوژمنه‌كانتان ئۆردوگا داده‌مه‌زرێنن، له‌ هه‌موو شتێكی گڵاو خۆتان به‌دوور بگرن.
10
ئه‌گه‌ر پیاوێكتان تێدابوو، گڵاو بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ شه‌و تۆوی لێ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وا ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگاكه‌ و ناگه‌ڕێته‌وه‌ ناو ئۆردوگاكه‌.
11
ده‌مه‌و ئێواره‌ به‌ ئاو خۆی ده‌شوات و له‌ ئاوابوونی خۆر دێته‌وه‌ ناو ئۆردوگاكه‌.
12
ده‌بێت شوێنێكیشتان هه‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگاكه‌ بۆ پیساییكردن،
13
له‌گه‌ڵ شتومه‌كه‌كه‌شتان خاكه‌نازێكتان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی چاڵی پێ هه‌ڵبكه‌نن بۆ پیساییكردن و پاشان پیساییه‌كه‌تان داپۆشن.
14
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌ناو ئۆردوگاكه‌تان هاتوچۆ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی فریاتان بكه‌وێت و دوژمنه‌كانتان به‌ده‌سته‌وه‌ بدات، جا با ئۆردوگاكه‌تان پیرۆز بێت نه‌وه‌ك شتێكی پیستان تێدا ببینێت و ڕووتان لێ وه‌ربگێڕێت.
فێركردن بۆ وریابوونه‌وه‌ی ویژدان 
15
ئه‌گه‌ر كۆیله‌یه‌ك په‌نای بۆتان هێنا، مه‌یده‌نه‌وه‌ ده‌ست گه‌وره‌كه‌ی،
16
له‌لای ئێوه‌ نیشته‌جێ ده‌بێت له‌نێوتاندا له‌و شوێنه‌ی هه‌ڵیده‌بژێرێت له‌ یه‌كێك له‌ شارۆچكه‌كانتان، له‌ هه‌ركوێ پێی خۆشه‌ و سته‌می لێ مه‌كه‌ن.
17
كچانی ئیسرائیل بۆیان نییه‌ ببنه‌ له‌شفرۆشی نزرگه‌كان و كوڕانی ئیسرائیلیش بۆیان نییه‌ هه‌مان ئه‌م كاره‌ بكه‌ن[b] .
18
كرێی له‌شفرۆشی مه‌خه‌نه‌ ناو ماڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌ نه‌زركردن، چونكه‌ ئه‌م كاره‌ له‌لای یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان قێزه‌ونه‌.
19
قه‌رز به‌ سوو به‌ براكه‌ت مه‌ده‌، نه‌ سووی زیو و نه‌ سووی خۆراك و نه‌ سووی هه‌ر شتێك كه‌ به‌ سوو به‌ قه‌رز ده‌درێت.
20
ده‌توانیت قه‌رز به‌ سوو بده‌یته‌ بێگانه‌، به‌ڵام قه‌رز به‌ سوو مه‌ده‌ براكه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت به‌ره‌كه‌تدارت بكات له‌ هه‌موو شتێك كه‌ ده‌ستی بۆ ده‌به‌یت له‌و خاكه‌ی ده‌چیته‌ ناوی هه‌تا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگریت.
21
ئه‌گه‌ر نه‌زرێكت بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت كرد به‌جێهێنانی دوا مه‌خه‌، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت لێت داوا ده‌كات، جا به‌سه‌رته‌وه‌ ده‌بێته‌ گوناه.
22
به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌زرت نه‌كرد ئه‌وا گوناه نییه‌ به‌سه‌رته‌وه‌.
23
ئه‌وه‌ی له‌ ده‌مت هاته‌ ده‌ره‌وه‌ بیپارێزه‌ و بیكه‌، چونكه‌ ئازادانه‌ به‌ ده‌می خۆت نه‌زرت بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت كرد.
24
ئه‌گه‌ر چوویته‌ ناو ڕه‌زه‌مێوی دراوسێكه‌ت پڕ به‌ حه‌زی دڵت ترێ بخۆ هه‌تا تێر ده‌بیت، به‌ڵام هیچ مه‌كه‌ ناو تووره‌كه‌كه‌ته‌وه‌.
25
ئه‌گه‌ر چوویته‌ ناو ده‌غڵی دراوسێكه‌ت ده‌توانیت به‌ ده‌ستت گوڵه‌گه‌نم لێ بكه‌یته‌وه‌، به‌ڵام داس له‌ ده‌غڵی دراوسێكه‌ت به‌رز مه‌كه‌ره‌وه‌.
  1. a. 23‏:4 میسۆپۆتامیا: عیبری (ئارامی دوو ڕووبار) به‌ واتای وڵاتی ئارام كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان دجله‌ و فورات. بڕوانه‌ \+xt سه‌رژمێری 22‏:5‏\+xt*‏.
  2. b. 23‏:17 به‌پێی بڕوای ئایینی كه‌نعانی ئه‌نجامی جووتبوون له‌گه‌ڵ له‌شفرۆش یان دووده‌گی له‌ نزرگه‌، ده‌بێته‌ هۆكاری به‌پیتكردنی كێڵگه‌كان و ئاژه‌ڵه‌كان. هه‌ندێك له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل ئه‌م بڕوایه‌ی كه‌نعانییان په‌یڕه‌و كرد. بڕوانه‌\+xt یه‌كه‌م پاشایان 14‏:24 و هۆشه‌ع 4‏:14 و ئامۆس 2‏:7‏\+xt*‏.