عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشایه‌تی عه‌زه‌ریا له‌ یه‌هودا 
1
له‌ ساڵی بیست و حه‌وته‌می پاشایه‌تی یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل، عه‌زه‌ریای[a] كوڕی ئه‌مه‌سیا بوو به‌ پاشای یه‌هودا.
2
گه‌نجێكی شازده‌ ساڵان بوو كه‌ بوو به‌ پاشا، په‌نجا و دوو ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد. دایكیشی ناوی یه‌خۆلیاهو بوو، خه‌ڵكی ئۆرشه‌لیم بوو.
3
به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئه‌مه‌سیای باوكی ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدان ڕاست بوو كردی،
4
ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی تێكنه‌دران و گه‌ل هێشتا له‌سه‌ر به‌رزاییه‌كان قوربانییان سه‌رده‌بڕی و بخووریان ده‌سووتاند.
5
یه‌زدان پاشای تووشی گه‌ڕوگولی[b] كرد و هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی مرد چاكنه‌بووه‌وه‌، ئیتر له‌ ماڵێكی جیاكراوه‌ نیشته‌جێ بوو، یۆتامی كوڕی پاشاش سه‌رپه‌رشتیاری كۆشكه‌كه‌ بوو، فه‌رمانڕه‌وایه‌تی گه‌لی خاكه‌كه‌ی ده‌كرد.
6
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی عه‌زه‌ریا و هه‌موو ئه‌وه‌ی كردی له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی یه‌هودا تۆمار كراون.
7
عه‌زه‌ریا له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌ و له‌ نزیكی باوباپیرانی له‌ شاری داود ناشتیان. ئیتر یۆتامی كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
پاشایه‌تی زه‌كه‌ریا له‌ ئیسرائیل 
8
له‌ ساڵی سی و هه‌شته‌می پاشایه‌تی عه‌زه‌ریای پاشای یه‌هودا، زه‌كه‌ریای كوڕی یارۆڤعام شه‌ش مانگ له‌ سامیره‌ پاشایه‌تی ئیسرائیلی كرد.
9
له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد هه‌روه‌ك چۆن باوباپیرانی كردیان و له‌ گوناهه‌كانی یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤات لای نه‌دا، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ وای كردبوو ئیسرائیل گوناه بكات.
10
شه‌لومی كوڕی یاڤێش پیلانی له‌ دژی زه‌كه‌ریا گێڕا، له‌به‌رده‌م گه‌ل لێیدا و كوشتی، له‌ جێی ئه‌و بوو به‌ پاشا.
11
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی زه‌كه‌ریاش، له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی ئیسرائیل تۆمار كراون.
12
ئیتر فه‌رمایشته‌كه‌ی یه‌زدان كه‌ به‌ یێهوی فه‌رموو هاته‌ دی، كه‌ فه‌رمووی: «هه‌تا چواره‌مین نه‌وه‌ت له‌سه‌ر ته‌ختی ئیسرائیل داده‌نیشێت.»
پاشایه‌تی شه‌لوم 
13
شه‌لومی كوڕی یاڤێش له‌ ساڵی سی و نۆیه‌می عوزیای[c] پاشای یه‌هودا بوو به‌ پاشا و یه‌ك مانگ له‌ سامیره‌ پاشایه‌تی كرد.
14
ئینجا مه‌نه‌حێمی كوڕی گادئی له‌ تیرزه‌یه‌وه‌ سه‌ركه‌وت و هاته‌ سامیره‌، له‌ سامیره‌ له‌ شه‌لومی كوڕی یاڤێشی دا و كوشتی، له‌ جێی ئه‌و بوو به‌ پاشا.
15
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی شه‌لوم و ئه‌و پیلانه‌ی كه‌ گێڕای، له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی ئیسرائیل تۆمار كراون.
16
له‌و كاته‌دا مه‌نه‌حێم له‌ تیرزه‌یه‌وه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر تیفسه‌ح و ده‌وروبه‌ری و هه‌موو ئه‌وه‌ی تێیدا بوو، چونكه‌ ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌یان بۆی نه‌كرده‌وه‌. سكی هه‌موو ژنه‌ سكپڕه‌كانیشی هه‌ڵدڕی.
پاشایه‌تی مه‌نه‌حێم 
17
له‌ ساڵی سی و نۆیه‌می عه‌زه‌ریای پاشای یه‌هودا، مه‌نه‌حێمی كوڕی گادئی ده‌ ساڵ له‌ سامیره‌ پاشایه‌تی ئیسرائیلی كرد.
18
له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد، به‌ درێژایی ماوه‌ی حوكمڕانییه‌كه‌ی له‌ گوناهه‌كانی یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤات لای نه‌دا، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ وای كردبوو ئیسرائیل گوناه بكات.
19
پاشان پولی[d] پاشای ئاشور هاته‌ سه‌ر خاكه‌كه‌ و مه‌نه‌حێمیش هه‌زار تالنت[e] زیوی دایه‌ پول، هه‌تا پاڵپشتی بكات بۆ ئه‌وه‌ی جڵه‌وی پاشایه‌تییه‌كه‌ی بگرێته‌ ده‌ست.
20
مه‌نه‌حێم ئه‌م بڕه‌ زیوه‌ی به‌سه‌ر ئیسرائیلدا سه‌پاند، به‌سه‌ر هه‌موو به‌ توانا و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، هه‌تا بدرێته‌ پاشای ئاشور، په‌نجا شاقل زیو[f] له‌سه‌ر هه‌ر پیاوێك، جا پاشای ئاشور گه‌ڕایه‌وه‌ و له‌وێ له‌ خاكه‌كه‌ نه‌مایه‌وه‌.
21
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی مه‌نه‌حێم و هه‌موو ئه‌وه‌ی كردی له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی ئیسرائیل تۆمار كراون.
22
مه‌نه‌حێم له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌، ئیتر په‌قه‌حیای كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
پاشایه‌تی په‌قه‌حیا 
23
له‌ ساڵی په‌نجایه‌می عه‌زه‌ریای پاشای یه‌هودا، په‌قه‌حیای كوڕی مه‌نه‌حێم بوو به‌ پاشا، دوو ساڵ له‌ سامیره‌ پاشایه‌تی ئیسرائیلی كرد.
24
په‌قه‌حیا له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد و له‌ گوناهه‌كانی یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤات لای نه‌دا، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ وای كردبوو ئیسرائیل گوناه بكات.
25
یه‌كێك له‌ ئه‌فسه‌ره‌كانی، به‌ ناوی په‌قه‌حی كوڕی ڕه‌مه‌لیاهو، پیلانی له‌ دژی گێڕا. په‌نجا پیاوی گلعادی له‌گه‌ڵ خۆی برد، له‌ سامیره‌ له‌ناو قه‌ڵای كۆشكی پاشا په‌قه‌حیای كوشت، هه‌روه‌ها ئه‌رگۆڤ و ئه‌ریه‌شی له‌گه‌ڵی كوشت. ئیتر په‌قه‌ح په‌قه‌حیای كوشت و له‌ جێی ئه‌و بوو به‌ پاشا.
26
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی په‌قه‌حیا و هه‌موو ئه‌وه‌ی كردی، له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی ئیسرائیل تۆمار كراون.
پاشایه‌تی په‌قه‌ح 
27
له‌ ساڵی په‌نجا و دووه‌می عه‌زه‌ریای پاشای یه‌هودا، په‌قه‌حی كوڕی ڕه‌مه‌لیاهو بوو به‌ پاشا، بیست ساڵ له‌ سامیره‌ پاشایه‌تی ئیسرائیلی كرد.
28
ئه‌ویش له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد و له‌ گوناهه‌كانی یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤات لای نه‌دا، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ وای كردبوو ئیسرائیل گوناه بكات.
29
له‌ سه‌رده‌می په‌قه‌حی پاشای ئیسرائیل، تگله‌ت پلئه‌سه‌ری پاشای ئاشور هات، عییۆن، ئابێلی بێت‌مه‌عكا، یانۆوه‌ح، قه‌ده‌ش، حاچۆر، گلعاد، جه‌لیل و هه‌موو خاكی نه‌فتالی داگیر كرد، خه‌ڵكه‌كه‌ی ڕاپێچی ئاشور كرد.
30
ئینجا هۆشێیه‌عی كوڕی ئێله‌ پیلانی له‌ دژی په‌قه‌حی كوڕی ڕه‌مه‌لیاهو گێڕا. هێرشی كرده‌ سه‌ری و كوشتی، له‌ ساڵی بیسته‌مینی یۆتامی كوڕی عوزیا له‌ جێی ئه‌و بوو به‌ پاشا.
31
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی په‌قه‌ح و هه‌موو ئه‌وه‌ی كردی، له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی ئیسرائیل تۆمار كراون.
پاشایه‌تی یۆتام له‌ یه‌هودا 
32
له‌ ساڵی دووه‌می په‌قه‌حی كوڕی ڕه‌مه‌لیاهوی پاشای ئیسرائیل، یۆتامی كوڕی عوزیا بوو به‌ پاشای یه‌هودا.
33
كاتێك بوو به‌ پاشا گه‌نجێكی بیست و پێنج ساڵان بوو، شازده‌ ساڵیش له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد، ناوی دایكیشی یه‌روشای كچی سادۆق بوو.
34
به‌ هه‌مان شێوه‌ی عوزیای باوكی ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدان ڕاست بوو كردی،
35
ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی تێكنه‌دران، گه‌ل هێشتا له‌سه‌ر به‌رزاییه‌كان قوربانییان سه‌رده‌بڕی و بخووریان ده‌سووتاند. یۆتام بوو كه‌ ده‌روازه‌ی سه‌ره‌وه‌ی په‌رستگای یه‌زدانی بنیاد ناوه‌.
36
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی یۆتام و ئه‌وه‌ی كردی له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی یه‌هودا تۆمار كراون.
37
له‌و ڕۆژانه‌دا یه‌زدان ده‌ستی به‌ ناردنی ڕه‌چینی پاشای ئارام و په‌قه‌حی كوڕی ڕه‌مه‌لیاهو كرد بۆ سه‌ر یه‌هودا.
38
ئیتر یۆتام له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌ و له‌ شاری داودی باپیره‌ گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ باوباپیرانی نێژرا، ئاحازی كوڕیشی له‌ جێی ئه‌و بوو به‌ پاشا.
  1. a. 15‏:1 هه‌روه‌ها به‌ ناوی (عوزیا)ش هاتووه‌.
  2. b. 15‏:5 گه‌ڕوگول: نه‌ك ته‌نها گولی، به‌ڵام ئه‌م وشه‌یه‌ بۆ چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی جیاوازی پێست به‌كارده‌هێنرا.
  3. c. 15‏:13 كه‌ عه‌زه‌ریا.
  4. d. 15‏:19 پول: واته‌ تگله‌ت پلئه‌سه‌ر. بڕوانه‌ ئایه‌تی 29.
  5. e. 15‏:19 هه‌زار تالنت: نزیكه‌ی 34 ته‌ن.
  6. f. 15‏:20 په‌نجا شاقل زیو: نزیكه‌ی 0,6 كیلۆگرام.