عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
حه‌زقیا له‌ جه‌ژنی په‌سخه‌ 
1
حه‌زقیا ناردی به‌دوای هه‌موو خه‌ڵكی ئیسرائیل و یه‌هودا، هه‌روه‌ها نامه‌شی بۆ ئه‌فرایم و مه‌نه‌شه‌ نووسی هه‌تا بێنه‌ په‌رستگای یه‌زدان له‌ ئۆرشه‌لیم، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ژنی په‌سخه‌ بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل بگێڕن.
2
پاشا و سه‌ركرده‌كانی و هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم بڕیاریان دا كه‌ له‌ مانگی دوو جه‌ژنی په‌سخه‌ بگێڕن،
3
چونكه‌ نه‌یانتوانی له‌ كاتی خۆیدا بیكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا كاهینه‌كان به‌ ته‌واوه‌تی خۆیان ته‌رخان نه‌كردبوو، گه‌لیش له‌ ئۆرشه‌لیم كۆنه‌ببوونه‌وه‌.
4
ئینجا پلانه‌كه‌ له‌به‌رچاوی پاشا و هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ په‌سه‌ند بوو.
5
بڕیاریان دا له‌ناو هه‌موو ئیسرائیل له‌ بیری شابه‌عه‌وه‌ هه‌تا دان بانگه‌واز بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بێن و جه‌ژنی په‌سخه‌ بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل له‌ ئۆرشه‌لیم بگێڕن، چونكه‌ زۆر ده‌مێك بوو وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسراوه‌ نه‌یانكردبوو.
6
به‌ فه‌رمانی پاشا په‌یامبه‌ره‌كان به‌ نامه‌كانی پاشا و كاربه‌ده‌سته‌كانی به‌ناو هه‌موو ئیسرائیل و یه‌هودا گه‌ڕان و به‌پێی فه‌رمانی پاشا ده‌یانگوت:
«ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل، بگه‌ڕێنه‌وه‌ لای یه‌زدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیل، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ویش بگه‌ڕێته‌وه‌ لای ئه‌وانه‌ی لێتان ماونه‌ته‌وه‌ و له‌ چنگ پاشاكانی ئاشور ده‌ربازبوون.
7
وه‌ك باوباپیرانتان و براكانتان مه‌بن، ئه‌وانه‌ی ناپاكییان له‌گه‌ڵ یه‌زدان، خودای باوباپیرانی خۆیان كرد، هه‌روه‌ك ده‌بینن ئه‌ویش وای كرد خه‌ڵك بتۆقێت له‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌وان هاتووه‌.
8
ئێستا وه‌ك باوباپیرانتان كه‌لله‌ڕه‌قی مه‌كه‌ن، به‌ڵكو ملكه‌چ بن بۆ یه‌زدان و بچنه‌ ناو پیرۆزگاكه‌یه‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تایه‌ ته‌رخانی كردووه‌. یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بپه‌رستن، بۆ ئه‌وه‌ی گڕی تووڕه‌ییه‌كه‌ی له‌ ئێوه‌ دابمركێته‌وه‌.
9
ئه‌گه‌ر ئێوه‌ بۆ لای یه‌زدان بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌وا برا ئیسرائیلی و منداڵه‌كانتان له‌لایه‌ن ڕاپێچكه‌رانیان به‌زه‌ییان پێیاندا دێته‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌م خاكه‌، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان میهره‌بان و به‌ به‌زه‌ییه‌. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای یه‌زدان ئه‌ویش ڕه‌تتان ناكاته‌وه‌.»
10
په‌یامبه‌ره‌كان له‌ شار به‌ شار ده‌گه‌ڕان، له‌ خاكی ئه‌فرایم و مه‌نه‌شه‌ هه‌تا زه‌بولون، به‌ڵام خه‌ڵكی پێیان پێده‌كه‌نین و گاڵته‌یان پێ ده‌كردن.
11
هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك كه‌س له‌ ئاشێر و مه‌نه‌شه‌ و زه‌بولون خۆیان نزم كرده‌وه‌ و چوونه‌ ئۆرشه‌لیم.
12
هه‌روه‌ها خودا پشتگیری یه‌هودای كرد، یه‌ك دڵی پێ به‌خشین، هه‌تا به‌ فه‌رمانی پاشا و سه‌ركرده‌كان بكه‌ن، به‌پێی فه‌رمایشتی یه‌زدان.
13
له‌ مانگی دوو خه‌ڵكانێكی زۆر له‌ ئۆرشه‌لیم كۆبوونه‌وه‌ هه‌تا جه‌ژنی فه‌تیره‌ بگێڕن، كۆمه‌ڵێكی زۆر گه‌وره‌ بوون.
14
هه‌ستان و ئه‌و قوربانگایانه‌ی له‌ ئۆرشه‌لیم بوون لایان بردن، هه‌روه‌ها هه‌موو قوربانگاكانی بخوور سووتاندیان لابرد و فڕێیان دانه‌ دۆڵی قدرۆن.
15
له‌ چوارده‌ی مانگی دوو به‌رخی په‌سخه‌یان سه‌ربڕی.[a] كاهین و لێڤییه‌كان شه‌رمه‌زار بوون و خۆیان ته‌رخان كرد، قوربانی سووتاندنه‌كانیان برده‌ ناو په‌رستگای یه‌زدان.
16
كاهینه‌كان له‌ شوێنه‌كانی خۆیان ڕاوه‌ستان، به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ به‌پێی ته‌وراتی موسای پیاوی خودا بۆیان دانرابوو، خوێنه‌كه‌یان له‌ ده‌ستی لێڤییه‌كان وه‌رده‌گرت و ده‌یانپرژاند.
17
ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ خۆیان ته‌رخان نه‌كردبوو، ئیتر لێڤییه‌كان به‌رخی په‌سخه‌یان سه‌رده‌بڕی له‌ جیاتی هه‌موو ئه‌وانه‌ی پاك نه‌بوون و نه‌یانده‌توانی به‌رخه‌كه‌یان بۆ یه‌زدان ته‌رخان بكه‌ن.
18
هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ زۆره‌ی كه‌ له‌ خاكی ئه‌فرایم و مه‌نه‌شه‌ و یه‌ساخار و زه‌بولونه‌وه‌ هاتبوون خۆیان پاك نه‌كردبووه‌وه‌، به‌ڵام له‌ قوربانییه‌كه‌ی په‌سخه‌یان خوارد، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی نووسراوه‌. به‌ڵام حه‌زقیا نوێژی بۆ كردن و گوتی: «با یه‌زدانی چاك له‌ هه‌ركه‌سێك خۆشبێت
19
كه‌ به‌ هه‌موو دڵه‌وه‌ ڕووی له‌ خودا كردووه‌، له‌ یه‌زدانی خودای باوباپیرانی خۆی، هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی ڕێوڕه‌سمی پیرۆزگا پاك نه‌بێت.»
20
ئیتر یه‌زدان گوێی له‌ حه‌زقیا گرت و گه‌لی چاككرده‌وه‌.
21
نه‌وه‌ی ئیسرائیل ئه‌وانه‌ی له‌ ئۆرشه‌لیم بوون حه‌وت ڕۆژ به‌ خۆشییه‌كی زۆره‌وه‌ جه‌ژنی فه‌تیره‌یان گێڕا، لێڤی و كاهینه‌كانیش هه‌ر ڕۆژێك به‌ ده‌نگ به‌رزی ئامێره‌ مۆسیقییه‌كانیان ستایشی یه‌زدانیان ده‌كرد كه‌ بۆ ستایشكردنی یه‌زدان ته‌رخانكرابوون.
22
حه‌زقیاش دڵی هه‌موو ئه‌و لێڤییانه‌ی خۆش كرد كه‌ تێگه‌یشتنی چاكیان نواند له‌ خزمه‌تكردنی یه‌زدان. به‌ درێژایی ئه‌و حه‌وت ڕۆژه‌ به‌شی دیاریكراویان ده‌خوارد و قوربانی هاوبه‌شییان سه‌ربڕی و ستایشی یه‌زدانی خودای باوباپیرانیان ده‌كرد.
23
پاشان هه‌موو كۆمه‌ڵ ڕازی بوون كه‌ حه‌وت ڕۆژی دیكه‌ درێژه‌ به‌ جه‌ژنه‌كه‌ بده‌ن، ئیتر حه‌وت ڕۆژی دیكه‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ ئاهه‌نگیان گێڕا.
24
حه‌زقیای پاشای یه‌هودا هه‌زار گا و حه‌وت هه‌زار مه‌ڕ و بزنی به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ به‌خشی و سه‌ركرده‌كانیش هه‌زار گا و ده‌ هه‌زار مه‌ڕ و بزنیان به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ به‌خشی، زۆر له‌ كاهینه‌كانیش خۆیان ته‌رخان كرد.
25
هه‌موو كۆمه‌ڵی یه‌هودا، كاهین و لێڤییه‌كان و هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی له‌ ئیسرائیله‌وه‌ هاتبوون دڵخۆش بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌و بیانییانه‌ی له‌ خاكی ئیسرائیله‌وه‌ هاتبوون و ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ یه‌هودا نیشته‌جێ بوون.
26
جا له‌ ئۆرشه‌لیم خۆشییه‌كی گه‌وره‌ هه‌بوو، چونكه‌ له‌ سه‌رده‌می سلێمانی كوڕی داودی پاشای ئیسرائیله‌وه‌، شتی به‌و جۆره‌ له‌ ئۆرشه‌لیم نه‌كرابوو.
27
ئینجا كاهینه‌ لێڤییه‌كان هه‌ستان و داوای به‌ره‌كه‌تیان بۆ گه‌ل كرد، ئینجا له‌لایه‌ن خوداوه‌ ده‌نگیان بیسترا و نوێژه‌كانیان چووه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ناو نشینگه‌ی پیرۆز له‌ ئاسمان.
  1. a. 30‏:15 بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 12‏\+xt*‏.