عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - فێرکارانی دووڕوو و درۆزن
 - 1
 - ڕۆح بە ڕاشکاوی دەفەرموێ کە لە کۆتایی ڕۆژگاردا هەندێک کەس لە باوەڕەکە هەڵدەگەڕێنەوە و بە دوای ڕۆحی چەواشە و فێرکردنەکانی ڕۆحە پیسەکان دەکەون.
 - 2
 - ئەم جۆرە فێرکردنە لە ڕێگەی درۆزنە دووڕووەکانەوە دێت کە ویژدانیان داخکراوە.
 - 3
 - هاوسەرگیری قەدەغە[a] دەکەن، فەرمانی نەخواردن دەدەن لەو خۆراکەی کە خودا بەدییهێناوە بۆ ئەوەی بە سوپاسی باوەڕداران و ڕاستیناسان وەربگیردرێت.
 - 4
 - هەموو بەدیهێنراوی خودا چاکە، ئەگەر شتێک بە سوپاسەوە وەرگیرا ڕەت ناکرێتەوە،
 - 5
 - چونکە بە وشەی خودا و نوێژەوە پیرۆزکراوە.
 - خزمەتکاری باشی مەسیح
 - 6
 - ئەگەر تۆ بەمانە ڕێنمایی خوشکان و برایان بکەیت، ئەوا دەبیتە خزمەتکارێکی باشی عیسای مەسیح، کە بە وشەکانی باوەڕەکە و فێرکردنی باش پەروەردە کرایت و شوێنی دەکەویت.
 - 7
 - ئەفسانەی پووچ و هەقایەتی پیرێژنان ڕەت بکەوە، بەڵام خۆت لەسەر لەخواترسی ڕابهێنە.
 - 8
 - وەرزشی جەستەیی بۆ هەندێک شت سوودبەخشە، بەڵام لەخواترسی بۆ هەموو شتێک سوودبەخشە، چونکە بەڵێنی ژیانی ئێستا و داهاتووی تێدایە.
 - 9
 - ئەم قسەیە ڕاستە و شایانی پەسەندکردنی تەواوە.
 - 10
 - بۆ ئەمە ڕەنج دەدەین و تێدەکۆشین، چونکە هیوامان بە خودای زیندووە، ئەوەی ڕزگارکەری هەموو خەڵکە، بە تایبەتیش باوەڕداران.
 - 11
 - بەم شتانە ڕابسپێرە و فێر بکە.
 - 12
 - با کەس سووکایەتی بە گەنجییەتیت نەکات، بەڵکو ببە بە نموونە بۆ باوەڕداران لە قسە و ڕەفتاردا، لە خۆشەویستی و باوەڕ و پاکیتدا.
 - 13
 - هەتا دێم بایەخ بە خوێندنەوەی گشتی نووسراوە پیرۆزەکان و وتاردان و فێرکردن بدە.
 - 14
 - ئەو بەهرەیەی لە تۆدایە پشتگوێی مەخە، ئەوەی بە پێشبینی وەرتگرتووە کاتێک پیرانی کڵێسا دەستیان لەسەر دانایت.
 - 15
 - بایەخ بەم شتانە بدە، هەموو توانای خۆتی تێدا بەکاربهێنە، تاکو پێشکەوتنت بۆ هەمووان دەربکەوێت.
 - 16
 - ئاگاداری خۆت و فێرکردنت بە، لەسەری بەردەوام بە، چونکە ئەگەر ئەمەت کرد خۆت و گوێگرانیشت ڕزگار دەکەیت.
 
- a. 4:3 فەلسەفەیەکی یۆنانییە و دەڵێت هەموو شتێکی ماددی بە خراپەوە بەستراوەتەوە، ئیتر پەیوەندی لەگەڵ ژن خراپەیە.
 

