عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕه‌ئوبێن 
1
ڕه‌ئوبێن كوڕه‌ نۆبه‌ره‌ی ئیسرائیل بوو، به‌ڵام كاتێك كه‌ پێخه‌فی باوكی گڵاوكرد، مافی نۆبه‌رایه‌تییه‌كه‌ی درا به‌ نه‌وه‌ی یوسفی كوڕی ئیسرائیل، ئیتر له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كنامه‌ به‌ نۆبه‌ره‌ تۆمارنه‌كرا.
2
هه‌رچه‌نده‌ یه‌هودا له‌ هه‌موو براكانی به‌هێزتر بوو و پاشایه‌ك له‌ پشتی ئه‌و ده‌رچوو، به‌ڵام نۆبه‌رایه‌تییه‌كه‌ بۆ یوسف بوو.
3
كوڕه‌كانی ڕه‌ئوبێنی كوڕه‌ نۆبه‌ره‌ی ئیسرائیل:
حه‌نۆك، په‌ڵو، حه‌سرۆن و كه‌رمی.
4
نه‌وه‌كانی یۆئێل:
شه‌مه‌عیا كوڕی یۆئێل، گۆگ كوڕی شه‌مه‌عیا،
شیمعی كوڕی گۆگ،
5
میخا كوڕی شیمعی،
ڕه‌ئایا كوڕی میخا، به‌عل كوڕی ڕه‌ئایا،
6
بئێره‌ كوڕی به‌عل. بئێره‌ش ئه‌و كه‌سه‌ بوو كه‌ تگله‌ت پلئه‌سه‌ری پاشای ئاشور ڕاپێچی كرد. بئێره‌ سه‌رۆكی ڕه‌ئوبێنییه‌كان بوو.
7
خزمه‌كانیان به‌گوێره‌ی خێڵه‌كانیان و به‌پێی تۆماركردنیان له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كنامه‌:
یه‌عیێلی سه‌ركرده‌، زه‌كه‌ریا و
8
به‌له‌عی كوڕی عازازی كوڕی شه‌مه‌عی كوڕی یۆئێل، له‌ عه‌رۆعێره‌وه‌ هه‌تا نه‌بۆ و به‌عل‌مه‌عۆن نیشته‌جێ بوون.
9
به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتیش هه‌تا ده‌هاته‌ بیابانی ده‌م ڕووباری فورات په‌لیان هاویشت، چونكه‌ ئاژه‌ڵه‌كانیان له‌ خاكی گلعاددا زۆر ببوون.
10
له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تی شاولدا، جه‌نگیان له‌ دژی هاجه‌رییه‌كان به‌رپا كرد و به‌زاندنیان و له‌ خێوه‌ته‌كانی هاجه‌رییه‌كان نیشته‌جێ بوون له‌ ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی گلعاددا.
گاد 
11
نه‌وه‌ی گادیش له‌ته‌نیشت نه‌وه‌ی ڕه‌ئوبێنه‌وه‌ نیشته‌جێ بوون له‌ خاكی باشانه‌وه‌ هه‌تا سه‌لخه‌:
12
له‌ باشان یۆئێل سه‌ركرده‌ و شافام له‌ پله‌ی دووه‌م و یه‌عنه‌ی و شافات له‌ پله‌ی سێیه‌م بوون.
13
خزمه‌كانیان به‌پێی بنه‌ماڵه‌كانیان حه‌وت بوون:
میكائیل، مه‌شولام، شه‌ڤه‌ع، یۆره‌ی، یه‌عكان، زیه‌ع و ئێبه‌ر.
14
ئه‌مانه‌ش كوڕه‌كانی ئه‌بیحه‌یلی كوڕی حوریی كوڕی یارۆحای كوڕی گلعادی كوڕی میكائیلی كوڕی یه‌شیشه‌یی كوڕی یه‌حدۆی كوڕی بووز بوون.
15
ئه‌حیی كوڕی عه‌بدیێلی كوڕی گۆنی گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌كانیان بوو.
16
جا گادییه‌كان له‌ گلعاد، له‌ باشان، له‌ گونده‌كانیدا و له‌ هه‌موو ده‌شتاییه‌كانی شارۆن له‌سه‌ر سنووره‌كانی نیشته‌جێ بوون.
17
ڕه‌چه‌ڵه‌كی هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ ماوه‌ی پاشایه‌تی یۆتامی پاشای یه‌هودا و یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیلدا تۆمار كران.
18
نه‌وه‌ی ڕه‌ئوبێن و گادییه‌كان و نیوه‌ی هۆزی مه‌نه‌شه‌[a] ، له‌ پیاوه‌ ئازاكان ئه‌وانه‌ی قه‌ڵغان و شمشێریان هه‌ڵگرتبوو، تیرئه‌نداز بوون و مه‌شقی جه‌نگیان كردبوو، چل و چوار هه‌زار و حه‌وت سه‌د و شه‌ست جه‌نگاوه‌ر بوون.
19
جه‌نگیان له‌ دژی هاجه‌رییه‌كان و یه‌تور و نافیش و نۆداڤ به‌رپا كرد و
20
یارمه‌تییان بۆ هات. هاجه‌رییه‌كان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا بوون درانه‌ ده‌ستیانه‌وه‌، چونكه‌ له‌ جه‌نگه‌كه‌دا هاواریان بۆ خودا كرد، ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پشتیان پێی به‌ست.
21
هه‌روه‌ها ده‌ستیان به‌سه‌ر ئاژه‌ڵه‌ ماڵییه‌كانی هاجه‌رییه‌كاندا گرت، په‌نجا هه‌زار وشتر و دوو سه‌د و په‌نجا هه‌زار سه‌ر مه‌ڕ و دوو هه‌زار گوێدرێژ و له‌ مرۆڤیش سه‌د هه‌زار كه‌س و
22
ژماره‌یه‌كی زۆر كوژران، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جه‌نگه‌كه‌ له‌ خوداوه‌ بوو. ئیتر هه‌تا ڕاپێچكردنه‌كه‌ له‌ جێی ئه‌وان نیشته‌جێ بوون.
نیوه‌ی هۆزی مه‌نه‌شه‌ 
23
نیوه‌ی هۆزی مه‌نه‌شه‌ش له‌ خاكه‌كه‌ نیشته‌جێ بوون، له‌ باشانه‌وه‌ هه‌تا به‌عل‌حه‌رمۆن په‌لیان هاویشت، كه‌ پێی ده‌گوترێ سنیر، یان چیای حه‌رمۆن.
24
ئه‌مانه‌ش گه‌وره‌كانی بنه‌ماڵه‌كانیان بوون: عێفه‌ر، یه‌شعی، ئه‌لیێل، عه‌زریێل، یه‌رمیا، هۆده‌یڤاهو و یه‌حدیێل، كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ پیاوانی پاڵه‌وانی ئازا و پیاوانی ناودار و گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌كانیان بوون.
25
به‌ڵام ناپاكییان له‌ خودای باوباپیرانیان كرد و به‌دوای خوداوه‌نده‌كانی گه‌لانی خاكه‌كه‌وه‌ له‌شفرۆشییان[b] كرد، ئه‌وانه‌ی خودا له‌به‌رده‌میاندا له‌ناوی بردن.
26
له‌به‌ر ئه‌وه‌ خودای ئیسرائیل ڕۆحی پولی پاشای ئاشوری هه‌ژاند، كه‌ به‌ تگله‌ت پلئه‌سه‌ر به‌ناوبانگه‌، ئه‌ویش ڕه‌ئوبێنی و گادییه‌كان له‌گه‌ڵ نیوه‌ی هۆزی مه‌نه‌شه‌ی ڕاپێچ كرد. ئه‌وانی هێنایه‌ حه‌له‌ح و خابوور و هارا و ڕووباری گۆزان، هه‌تا ئه‌مڕۆش له‌وێ ماونه‌ته‌وه‌.
  1. a. 5‏:18 هۆزی مه‌نه‌شه‌ دابه‌ش ببوون بۆ سه‌ر دوو به‌ش، هه‌ریه‌كه‌یان كه‌وتبووه‌ لایه‌كی ڕووباری ئوردونه‌وه‌.
  2. b. 5‏:25 به‌ واتای له‌شفرۆشی جه‌سته‌یی و ڕۆحیش دێت. به‌و كه‌سه‌ ده‌گوترێت كه‌ لاف لێده‌دات به‌وه‌فایه‌ بۆ یه‌زدان، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ستایش و قوربانی بۆ خودایه‌كی دیكه‌ ده‌كات. واته‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا كه‌سه‌كه‌ بێوه‌فایه‌ له‌گه‌ڵ یه‌زدان، هه‌روه‌ك چۆن پیاوێك بێوه‌فا بێت به‌رامبه‌ر به‌ ژنه‌كه‌ی.