عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
به‌زاندنی عه‌مۆنییه‌كان 
1
دوای ماوه‌یه‌ك ناحاشی پاشای عه‌مۆنییه‌كان مرد و كوڕه‌كه‌ی له‌دوای ئه‌و بوو به‌ پاشا.
2
داود گوتی: «له‌گه‌ڵ حانوونی كوڕی ناحاش دڵسۆز ده‌بم، چونكه‌ باوكی له‌گه‌ڵم دڵسۆز بوو.» له‌به‌ر ئه‌وه‌ داود شاندێكی نارد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌خۆشی له‌ حانوون بكه‌ن سه‌باره‌ت به‌ باوكی.
كاتێك شانده‌كه‌ی داود هاتنه‌ لای حانوون له‌ خاكی عه‌مۆنییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌خۆشی لێ بكه‌ن،
3
میره‌كانی عه‌مۆنییه‌كان به‌ حانوونیان گوت: «تۆ له‌و باوه‌ڕه‌دایت كه‌ داود له‌به‌ر ڕێزگرتن له‌ باوكت شاندی ناردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌خۆشیت لێ بكات؟ ئایا خزمه‌تكاره‌كانی بۆ پشكنین و سه‌ره‌وژێركردن و سیخوڕیكردن به‌سه‌ر خاكه‌كه‌وه‌ نه‌هاتوون بۆ لات؟»
4
ئیتر حانوون پیاوه‌كانی داودی گرت و ڕیشی تاشین، جله‌كانیشیان له‌ نیوه‌وه‌ هه‌تا پاشه‌ڵیانی دادڕی و به‌ڕه‌ڵای كردن.
5
كاتێك هه‌ندێك كه‌س چوون و سه‌باره‌ت به‌و پیاوانه‌ به‌ داودیان ڕاگه‌یاند، ئه‌ویش چه‌ند كه‌سێكی نارد بۆ پێشوازییان، چونكه‌ پیاوه‌كان زۆر شه‌رمیان ده‌كرد، پاشاش گوتی: «هه‌تا ڕیشتان دێته‌وه‌ له‌ ئه‌ریحا بمێننه‌وه‌، ئینجا بگه‌ڕێنه‌وه‌.»
6
كاتێك عه‌مۆنییه‌كان بینییان له‌لایه‌ن داوده‌وه‌ قێزه‌ون بوون، حانوون و عه‌مۆنییه‌كان هه‌زار تالنت[a] زیویان نارد هه‌تا له‌ ئارامییه‌كانی دوو ڕووبار[b] و له‌ ئارامییه‌كانی مه‌عكا و له‌ چۆڤا گالیسكه‌ و گالیسكه‌سوار به‌كرێ بگرن.
7
جا سی و دوو هه‌زار گالیسكه‌ و گالیسكه‌سواریان به‌كرێ گرت، هه‌روه‌ها پاشای مه‌عكا له‌گه‌ڵ سوپاكه‌ی هات و له‌ به‌رامبه‌ر مێده‌با دامه‌زران، عه‌مۆنییه‌كانیش له‌ شارۆچكه‌كانیانه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ و هاتن بۆ جه‌نگ.
8
كاتێك داود ئه‌مه‌ی بیسته‌وه‌ یۆئاب و هه‌موو سوپا شه‌ڕكه‌ره‌كانی نارد.
9
عه‌مۆنییه‌كان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ده‌می ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌یان بۆ جه‌نگ ڕیزیان به‌ست، به‌ڵام ئه‌و پاشایانه‌ی كه‌ هاتبوون به‌ جیا له‌ ده‌شتوده‌ر بوون.
10
كاتێك یۆئاب بینی كه‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌پێشی و له‌پاشییه‌وه‌ن، له‌ باشترین جه‌نگاوه‌رانی ئیسرائیل چه‌ند هێزێكی هه‌ڵبژارد، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئارامییه‌كان ڕیزی كردن.
11
ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ مانه‌وه‌ دایه‌ ده‌ست ئه‌بیشه‌یی برای و ئه‌ویش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی عه‌مۆنییه‌كان ڕیزی كردن.
12
یۆئاب گوتی: «ئه‌گه‌ر ئارامییه‌كان له‌ من به‌هێزتر بوون، ئه‌وا تۆ به‌هانامه‌وه‌ دێیت؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر عه‌مۆنییه‌كان له‌ تۆ به‌هێزتر بوون، ئه‌وا من به‌هاناته‌وه‌ دێم.
13
ئازابه‌ و با به‌هێز بین له‌ پێناوی گه‌له‌كه‌مان و له‌ پێناوی شاره‌كانی خوداكه‌مان، یه‌زدانیش چی پێ باشه‌ ئه‌وه‌ ده‌كات.»
14
ئینجا یۆئاب و ئه‌و له‌شكره‌ی له‌گه‌ڵی بوون بۆ جه‌نگ له‌ دژی ئارامییه‌كان چوونه‌ پێشه‌وه‌، ئه‌وانیش له‌به‌رده‌میدا هه‌ڵاتن.
15
كاتێك عه‌مۆنییه‌كان بینییان ئارامییه‌كان هه‌ڵده‌هاتن، ئه‌وانیش له‌به‌رده‌م ئه‌بیشه‌ی هه‌ڵاتن و چوونه‌ ناو شاره‌كه‌. ئیتر یۆئاب گه‌ڕایه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم.
16
كاتێك ئارامییه‌كان بینییان له‌ به‌رامبه‌ر ئیسرائیل تێكشكاون، چه‌ند نێردراوێكیان نارد و ئارامییه‌كانی ئه‌وبه‌ری ڕووباری فوراتیان هێنا و شوفه‌خی سه‌ركرده‌ی سوپاكه‌ی هه‌ده‌دعه‌زه‌ریش له‌پێشیانه‌وه‌ بوو.
17
كاتێك به‌ داود ڕاگه‌یه‌نرا، ئه‌ویش هه‌موو ئیسرائیلی كۆكرده‌وه‌ و له‌ ڕووباری ئوردونه‌وه‌ په‌ڕییه‌وه‌ و بۆیان هات و ڕیزی لێیان به‌ست، داود بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئارامییه‌كان ڕیزی به‌ست بۆ جه‌نگ و ئه‌وانیش له‌ دژی جه‌نگان.
18
به‌ڵام ئارامییه‌كان له‌به‌رده‌م ئیسرائیلدا هه‌ڵاتن، داودیش حه‌وت هه‌زار گالیسكه‌سوار و چل هه‌زار پیاده‌ی له‌ ئارامییه‌كان كوشت، هه‌روه‌ها شوفه‌خی سه‌ركرده‌ی سوپاكه‌شی كوشت.
19
كاتێك ژێرده‌سته‌كانی هه‌ده‌دعه‌زه‌ر بینییان كه‌ ئه‌وان له‌ به‌رامبه‌ر ئیسرائیل تێكشكاون، له‌گه‌ڵ داود ئاشت بوونه‌وه‌ و بوونه‌ ژێرده‌سته‌ی ئیسرائیل.
ئیتر ئارامییه‌كان نه‌یانوێرا به‌هانای عه‌مۆنییه‌كانه‌وه‌ بچن.
  1. a. 19‏:6 هه‌زار تالنت: نزیكه‌ی 34 ته‌ن.
  2. b. 19‏:6 واته‌ دانیشتووانی میسۆپۆتامیا یان وڵاتی نێوان دجله‌ و فورات.