عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی مۆسیقاژه‌نان، هۆنراوه‌یه‌كی كوڕانی قۆره‌ح 
1
چۆن ئاسك به‌ په‌رۆشه‌ بۆ ئاوی ڕووبار،
ئه‌ی خودایه‌، گیانی منیش به‌ په‌رۆشه‌ بۆ تۆ.
2
گیانم تینووی خودایه‌، خودای زیندوو.
كه‌ی دێم و به‌ دیداری خودا شاد ده‌بم[a] ؟
3
به‌ شه‌و و ڕۆژ فرمێسكه‌كانم بوون به‌ خۆراكم،
له‌ كاتێكدا به‌ درێژایی ڕۆژ پێم ده‌ڵێن: «كوا خوداكه‌ت؟»
4
هه‌ناوم ده‌توێته‌وه‌ ئه‌و كاته‌ی دێته‌وه‌ یادم:
چۆن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا ده‌ڕۆیشتین،
به‌ره‌و ماڵی خودا پێشڕه‌ویانم ده‌كرد،
به‌ هه‌لهه‌له‌ و ستایشكردنه‌وه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵی جه‌ژنگێڕان.
5
ئه‌ی گیانی من بۆچی خه‌مباریت؟
بۆ له‌ ناخمدا په‌رێشانیت؟
ئومێدت به‌ خودا هه‌بێت،
چونكه‌ هه‌ر ستایشی ئه‌و ده‌كه‌م،
ئه‌و ڕزگاركه‌ر و خودامه‌.
6
گیانم خه‌مباره‌ له‌ ناخم،
بۆیه‌ یادت ده‌كه‌مه‌وه‌
له‌ لای ڕووباری ئوردون،
له‌ به‌رزاییه‌كانی حه‌رمۆنه‌وه‌[b] ، له‌ كێوی میچعاره‌وه‌.
7
قووڵایی بانگی قووڵایی ده‌كات،
به‌ ده‌م خوڕه‌ی تاڤگه‌كانته‌وه‌،
هه‌موو شه‌پۆله‌كانت و ته‌وژمه‌كانت به‌سه‌رمدا كه‌وتوون.
8
به‌ ڕۆژ یه‌زدان خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی ئاراسته‌ ده‌كات،
به‌ شه‌ویش سروودی ئه‌و له‌سه‌ر لێومه‌،
نوێژێكه‌ بۆ خودای ژیانم.
9
خودا، كه‌ تاشه‌به‌ردی منه‌، پێی ده‌ڵێم:
«بۆچی له‌ یادت كردووم؟
بۆچی ده‌بێت بناڵێنم،
بچه‌وسێمه‌وه‌ به‌ ده‌ست دوژمنانم؟»
10
به‌ تێكشكانی ئێسقانه‌كانم
ناحه‌زانم توانجم تێده‌گرن،
به‌ درێژایی ڕۆژ پێم ده‌ڵێن: «كوا خوداكه‌ت؟»
11
ئه‌ی گیانی من بۆچی خه‌مباریت؟
بۆ له‌ ناخمه‌وه‌ په‌رێشانیت؟
ئومێدت به‌ خودا هه‌بێت،
چونكه‌ من هه‌ر ستایشی ئه‌و ده‌كه‌م،
ئه‌و ڕزگاركه‌ر و خودامه‌.
  1. a. 42‏:2 له‌ ئه‌ماده‌گی خودا له‌ په‌رستگا ده‌بم.
  2. b. 42‏:6 به‌رزترین شاخه‌ له‌ سوریا، نزیكه‌ 75 كم له‌ باكووری ده‌ریاچه‌ی جه‌لیل بووه‌.