عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پەیمانی خودا لەگەڵ نوح 
1
ئیتر خودا نوح و کوڕەکانی بەرەکەتدار کرد و پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن.
2
با ترس و سامتان هەبێت لەسەر هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و هەموو ئەو بوونەوەرانەی کە لەسەر زەوی دەجوڵێنەوە، هەروەها لەسەر هەموو ماسییەکانی دەریاش؛ ئەوان خراونەتە بەردەستی ئێوە.
3
هەموو ئەوانەی گیاندارن و دەبزوێن دەبنە خۆراک بۆتان. هەروەک چۆن ڕووەکی سەوزم پێداون، ئێستا هەموو شتێکتان دەدەمێ.
4
«بەڵام نابێت گۆشتێک بخۆن کە هێشتا خوێنەکەی[a] گەرمە.
5
بێگومان داوای خوێنی ئەو کەسە دەکەم کە خوێنی کەسێکی دیکەی ڕشتووە. ئەگەر گیاندارێک کەسێک بکوژێت، دەبێت بکوژرێتەوە. هەروەها ئەگەر کەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت، ئەوا ئەویش دەکوژرێتەوە.
6
«هەرکەسێک خوێنی مرۆڤ بڕێژێت،
بە دەستی مرۆڤ خوێنی دەڕێژرێتەوە،
چونکە خودا لەسەر وێنەی خۆی
مرۆڤی دروستکردووە.
7
ئێوەش بەردار بن و زۆر بن، زەوی پڕ بکەن و تێیدا زۆر بن.»
8
خودا بە نوح و کوڕەکانی فەرموو کە لەگەڵیدا بوون:
9
«من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە و نەوەی دوای ئێوەدا دەچەسپێنم،
10
لەگەڵ هەموو ئەو گیاندارانەی کە لەگەڵ ئێوەن، باڵندە و ئاژەڵە ماڵییەکان و هەموو ئاژەڵە کێوییەکان، هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان و لە کەشتییەکە هاتوونەتە دەرەوە، هەروەها هەرچی گیانداری سەر زەویش هەیە.
11
من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە دەچەسپێنم: هەرگیز جارێکی دیکە، هەموو گیانلەبەران بە ئاوی لافاو لەناو ناچن، هەرگیز جارێکی دیکە لافاو وا نابێت زەوی بە تەواوی وێران بکات.»
12
ئینجا خودا فەرمووی: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان دەیبەستم، پەیمانێکە بۆ هەموو نەوەکانی داهاتوو.
13
وا پەلکەزێڕینەی خۆمم لەناو هەورەکاندا داناوە، کە دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و زەوی.
14
ئینجا هەرکاتێک هەورم بەسەر زەویدا هێنا و پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا دەرکەوت،
15
من پەیوەست دەبم بە پەیمانەکەم لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو گیانێکی زیندوو لە هەموو جۆرێک. هەرگیز جارێکی دیکە ئاو لافاوێکی وا دروستناکات کە هەموو ژیانێک لەناو ببات.
16
هەرکاتێک پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا بێت، دەیبینم و پەیوەست دەبم بە پەیمانە هەتاهەتاییەکەوە، کە لەنێوان خودا و هەموو جۆرە گیانێکی زیندووی سەر زەوییە.»
17
ئینجا خودا بە نوحی فەرموو: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە کە لەنێوان خۆم و هەموو ژیانێکی لەسەر زەویدا بەستوومە.»
کوڕانی نوح 
18
جا کوڕانی نوح کە سام و حام و یافەت بوون، لە کەشتییەکە هاتنە دەرەوە. حام باوکی کەنعان بوو.
19
ئەمانە سێ کوڕەکەی نوح بوون کە لەمانەوە خەڵکی لە سەرتاسەری زەویدا بڵاو بوونەوە.
20
نوح دەستی بە ئیشی جوتیاری کرد و ڕەزە مێوێکی چاند.
21
ئینجا کە لە شەرابی مێوەکەی خواردەوە، سەرخۆش بوو و لەناو چادرەکەیدا بە ڕووتی ڕاکشا.
22
حامی باوکی کەنعان، باوکی بە ڕووتی بینی و لە دەرەوە بە هەردوو براکەی ڕاگەیاند.
23
بەڵام سام و یافەت پۆشاکێکیان هێنا و خستیانە سەر شانیان، ئینجا پشتاوپشت چوون و ڕووتییەکەی باوکیان داپۆشی، ڕووشیان بەرەو دواوە بوو، ئیتر ڕووتییەکەی باوکیان نەبینی.
24
کاتێک نوح لە سەرخۆشییەکەی بەئاگا هاتەوە، زانی کوڕە بچووکەکەی چی پێکردووە.
25
ئینجا گوتی:
«نەفرەت لێکراو بێت کەنعان!
دەبێتە کۆیلەی کۆیلەکان،
بۆ براکانی.»
26
هەروەها گوتی:
«ستایش بۆ یەزدان، پەروەردگاری سام!
با کەنعان ببێتە کۆیلەی سام.
27
با خودا دەرگا بۆ یافەت بکاتەوە و
لە چادرەکانی سام جێنشین بێت.
با کەنعان ببێتە کۆیلەی ئەو.»
28
دوای لافاوەکە نوح سێ سەد و پەنجا ساڵ ژیا.
29
هەموو تەمەنی نوح نۆ سەد و پەنجا ساڵ بوو، ئیتر مرد.
  1. a. 9‏:4 خوێن: لە زمان و کەلتوری عیبری خوێن هێمای ژیانە، ژیانیش لەلایەن یەزدانەوە بەخشراوە، لەبەر ئەو هۆکارە جولەکەکان ڕێگەیان بە خواردنی گۆشتێک نەدەدا کە خوێنی تێدابێت، چونکە هێمای ژیان بوو.‏