عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
حه‌وت مۆره‌كه‌ 
1
سه‌یرم كرد كه‌ به‌رخه‌كه‌ یه‌كێك له‌ حه‌وت مۆره‌كه‌ی كرده‌وه‌. ئینجا گوێم لێبوو یه‌كێك له‌ چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌ به‌ ده‌نگێكی وه‌ك هه‌وره‌گرمه‌ گوتی: «وه‌ره‌!»
2
سه‌یرم كرد ئه‌سپێكی سپیم بینی، سواره‌كه‌ی كه‌وانێكی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو و تاجێكی پێدرابوو، به‌ سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ ده‌رچوو تاكو سه‌ربكه‌وێت.
3
كاتێك به‌رخه‌كه‌ مۆری دووه‌می كرده‌وه‌، گوێم له‌ بوونه‌وه‌ری دووه‌م بوو گوتی: «وه‌ره‌!»
4
ئه‌سپێكی دیكه‌ی سووری دره‌وشاوه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌، سواره‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێدرابوو ئاشتی له‌ زه‌ویدا نه‌هێڵێت تاكو خه‌ڵك یه‌كتری بكوژن. هه‌روه‌ها شمشێرێكی گه‌وره‌ی پێدرابوو.
5
كاتێك به‌رخه‌كه‌ مۆری سێیه‌می كرده‌وه‌، گوێم لێبوو بوونه‌وه‌ری سێیه‌م گوتی: «وه‌ره‌!» سه‌یرم كرد، ئه‌سپێكی ڕه‌شم بینی، سواره‌كه‌ی ته‌رازووێكی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو.
6
گوێم لێبوو ده‌نگێك له‌ناوه‌ڕاستی چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌دا ده‌یگوت: «یه‌ك مشت[a] گه‌نم به‌ دینارێك[b] ، سێ مشت جۆ به‌ دینارێك، به‌ڵام زیان به‌ ڕۆن و شه‌رابه‌كه‌ مه‌گه‌یه‌نه‌.»
7
كاتێك به‌رخه‌كه‌ مۆری چواره‌می كرده‌وه‌، گوێم له‌ ده‌نگی بوونه‌وه‌ری چواره‌م بوو گوتی: «وه‌ره‌!»
8
سه‌یرم كرد، ئه‌سپێكی زه‌ردباوم بینی، سواره‌كه‌ی ناوی «مردن» بوو، یه‌كێكی دیكه‌ به‌ ناوی «جیهانی مردووان» دوای كه‌وتبوو. ده‌سه‌ڵاتیان پێدرابوو چاره‌گی زه‌وی به‌ شمشێر و قاتوقڕی و ده‌رد بكوژن، هه‌روه‌ها به‌ دڕنده‌ كێوییه‌كانی زه‌وی.
9
كاتێك مۆری پێنجه‌می كرده‌وه‌، له‌ژێر قوربانگادا ڕۆحی ئه‌وانه‌م بینی له‌به‌ر په‌یامی خودا و له‌به‌ر ئه‌و شایه‌تییه‌ی له‌لایان بوو كوژرابوون.
10
به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواریان كرد و گوتیان: «ئه‌ی یه‌زدانی باڵاده‌ست، پیرۆز و ڕاست، هه‌تا كه‌ی حوكمیان ناده‌یت و تۆڵه‌ی خوێنی ئێمه‌ له‌ دانیشتووانی سه‌ر زه‌وی ناستێنی؟»
11
جا هه‌ریه‌كه‌یان جلێكی سپییان درایێ و پێیان گوترا ماوه‌یه‌ك بحه‌سێنه‌وه‌، هه‌تا به‌نده‌ هاوكاره‌كان و خوشك و براكانیان كه‌ وه‌ك ئه‌وان ده‌كوژرێن ته‌واو ده‌بن.
12
سه‌یرم كرد كه‌ مۆری شه‌شه‌می كرده‌وه‌، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی گه‌وره‌ ڕوویدا و خۆر وه‌ك جلوبه‌رگی ماته‌م ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕا، مانگیش وه‌ك خوێن سوور هه‌ڵگه‌ڕا،
13
ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان كه‌وتنه‌ زه‌وی، وه‌ك دار هه‌نجیر كاتێك بایه‌كی توند ده‌یهه‌ژێنێت، به‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌وێت.
14
ئاسمان وه‌ك تۆمارێكی لوولكراو له‌به‌رچاو ون بوو، هیچ چیا و دوورگه‌یه‌ك له‌ شوێنی خۆی نه‌ما.
15
پاشایانی سه‌ر زه‌وی و گه‌وره‌ و سوپاسالار و ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌هێز و هه‌موو كۆیله‌ و ئازادێك، خۆیان له‌ ئه‌شكه‌وت و تاشه‌به‌ردی چیادا حه‌شار دا،
16
به‌ چیا و به‌ردیان ده‌گوت: «بكه‌ونه‌ سه‌رمان تاكو له‌ ڕووی دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ و تووڕه‌یی به‌رخه‌كه‌ بمانشارنه‌وه‌!
17
چونكه‌ ڕۆژی تووڕه‌بوونه‌ گه‌وره‌كه‌یان هاتووه‌ و كێ ده‌توانێت خۆی ڕابگرێت؟»
  1. a. 6‏:6 نزیكی 1 كیلۆ.
  2. b. 6‏:6 دینارێك كرێی ڕۆژانه‌ی كرێكارێك بووه‌.