عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ گه‌وره‌ی گۆرانیبێژان، زه‌بوورێكی داود. 
1
ئه‌ی یه‌زدان، تۆ منت پشكنی و
منت ناسی.
2
هه‌ستان و دانیشتنی منت زانیوه‌،
له‌ دووره‌وه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌م گه‌یشتووی.
3
ڕێڕه‌و و جێی ڕاكشانی منت پێواوه‌،
شاره‌زای هه‌موو ڕێگاكانی منیت.
4
ئه‌ی یه‌زدان، به‌ر له‌وه‌ی وشه‌یه‌ك له‌سه‌ر زمانم هه‌بێت،
تۆ به‌ ته‌واوی ده‌یزانی.
5
له‌پێش و له‌ پشته‌وه‌ ده‌ورت داوم،
ده‌ستت ده‌خه‌یته‌ سه‌رم.
6
ئه‌م زانینه‌ی تۆم به‌لاوه‌ زۆر سه‌یره‌،
له‌ سه‌رووی منه‌وه‌یه‌، ناتوانم به‌ده‌ستی بهێنم.
7
بۆ كوێ بچم له‌ ڕۆحی تۆ؟
بۆ كوێ هه‌ڵبێم له‌ ڕوخسارت؟
8
ئه‌گه‌ر سه‌ربكه‌وم بۆ ئاسمان، ئه‌وه‌تا تۆ له‌وێی،
ئه‌گه‌ر له‌ناو جیهانی مردووان ڕاكشێم، ئه‌وه‌تا تۆ له‌وێی.
9
ئه‌گه‌ر ده‌ست به‌ باڵی به‌ره‌به‌یانه‌وه‌ بگرم،
ئه‌گه‌ر له‌وپه‌ڕی ده‌ریا[a] نیشته‌جێ بم،
10
له‌وێش ده‌ستی تۆ ڕێنماییم ده‌كات،
ده‌سته‌ ڕاسته‌ت به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌مگرێت.
11
ئه‌گه‌ر گوتم: «بێگومان تاریكی دامده‌پۆشێت،
ڕووناكیش ده‌بێته‌ شه‌وی ده‌ورم،»
12
ئه‌وا له‌ تاریكیشدا له‌لای تۆ تاریك دانایه‌ت،
شه‌و وه‌ك ڕۆژ ڕووناكی ده‌به‌خشێت،
تاریكیش وه‌ك ڕووناكی وایه‌.
13
چونكه‌ تۆ ناخی منت دروستكردووه‌،
له‌ناو سكی دایكم منت چنیوه‌.
14
ستایشت ده‌كه‌م، چونكه‌ به‌ سامناكی دروستكراوم، سه‌رسوڕهێنه‌رم،
كاره‌كانت سه‌رسوڕهێنه‌رن،
له‌ ناخمه‌وه‌ باش ئه‌مه‌ ده‌زانم.
15
ئێسقانم له‌ تۆ شاراوه‌ نه‌بوو،
كاتێك له‌ په‌نهانی دروستكرام،
له‌ناو سكی زه‌وی نه‌خشێنرام.
16
هێشتا له‌ سكی دایكم بووم، ئه‌ندامه‌كانی له‌شمت بینی.
هه‌موو ئه‌و ڕۆژانه‌ كه‌ بۆ من شێوه‌یان كێشرا،
له‌ په‌ڕتووكه‌كه‌تدا نووسراون،
پێش ئه‌وه‌ی هیچ كامێكیان هه‌بن.
17
ئه‌ی خودایه‌، بیرۆكه‌كانت به‌لای منه‌وه‌ چه‌ند گرانبه‌هایه‌!
كۆی ژماره‌یان چه‌نده‌ مه‌زنه‌!
18
ئه‌گه‌ر بیانژمێرم، له‌ لم زیاترن.
كه‌ به‌ئاگادێمه‌وه‌ هێشتا له‌گه‌ڵ تۆم.
19
خودایه‌، خۆزگه‌ به‌دكاره‌كانت ده‌كوشت!
ئه‌ی خوێنڕێژه‌كان، لێم دووربكه‌ونه‌وه‌!
20
ئه‌وانه‌ی به‌ خراپه‌ باست ده‌كه‌ن،
سكاڵاكاران به‌بێ هۆ لێت هه‌ستاون!
21
ئه‌ی یه‌زدان، ئایا ڕقم له‌وانه‌ نه‌بێت كه‌ ڕقیان له‌ تۆیه‌؟
ئایا قێزم له‌وانه‌ نه‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ دژی تۆ ده‌وه‌ستن؟
22
به‌ ته‌واوی ڕقم لێیانه‌،
بوون به‌ دوژمنم.
23
خودایه‌، بمپشكنه‌ و بزانه‌ دڵم چی تێدایه‌!
تاقیم بكه‌وه‌ و بزانه‌ خولیای چیم.
24
سه‌یر بكه‌ ئاخۆ هیچ ڕێگایه‌كی خراپه‌م تێدایه‌،
ڕێنماییم بكه‌ له‌ ڕێگای هه‌تاهه‌تایی.
  1. a. 139‏:9 مه‌به‌ستی له‌ ڕۆژئاوای دووره‌.