عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وێرانکردنی شاری عای 
1
ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «مەترسە و ورە بەرمەدە. هەموو جەنگاوەرەکان لەگەڵ خۆت ببە و هەستە سەربکەوە بۆ عای، ببینە من پاشاکەی و گەلەکەی و شارەکەی و خاکەکەیم داوەتە دەست تۆ.
2
ئەوەی بە ئەریحا و پاشاکەیتان کرد، بە عای و پاشاکەی بکەن، بەڵام دەستکەوتەکان و ئاژەڵە ماڵییەکانی بۆ خۆتان تاڵان بکەن. لە پشتییەوە بۆسەیەک بۆ شارەکە بنێوە.»
3
جا یەشوع و هەموو جەنگاوەرەکانی سوپا هەستان بۆ ئەوەی بەسەر عایدا بدەن، یەشوع سی هەزار جەنگاوەری قارەمانی هەڵبژارد و بە شەو ناردنی،
4
فەرمانی پێ کردن و گوتی: «وریابن، ئێوە لە پشتەوە بۆسە بۆ شارەکە دەنێنەوە و زۆر لە شارەکە دوور مەکەونەوە و هەمووتان لە ئامادەباشیدا بن.
5
منیش لەگەڵ هەموو ئەم گەلە لە شارەکە نزیک دەبینەوە و ئیتر کە ئەوان دێنە دەرەوە بۆمان، ئێمە وەک یەکەم جار لەبەردەمیاندا هەڵدێین و
6
ئەوان بەدوامان دەکەون هەتا لە شارەکە دووریان دەخەینەوە، چونکە دەڵێن: ”ئەوەتا وەک یەکەم جار لەبەردەممان هەڵدێن،“ جا کاتێک لەبەردەمیان هەڵدێین،
7
ئێوەش لە بۆسەکەوە دێنە دەرەوە و دەست بەسەر شارەکەدا دەگرن و یەزدانی پەروەردگارتان دەیدات بە دەستتانەوە.
8
کاتێک شارەکە دەگرن، ئاگری تێبەر دەدەن. ئەوە بکەن کە یەزدان فەرمانی پێ کردوون. سەیر بکەن ئەوە فەرمانی منە بۆ ئێوە.»
9
ئینجا یەشوع ناردنی و ئەوانیش بۆ شوێنی بۆسەکە ڕۆیشتن و لەنێوان بێت‌ئێل و عای، لە ڕۆژئاوای عای مانەوە. ئەو شەوە یەشوع لە ناوەڕاستی گەل مایەوە.
10
بۆ بەیانی یەشوع زوو لە خەو هەستا و گەلەکەی کۆکردەوە و خۆی و پیرانی ئیسرائیل لەپێش گەلەوە سەرکەوتن بۆ عای.
11
هەروەها هەموو ئەو لەشکرەی لەگەڵیدا بوون سەرکەوتن و چوونە پێشەوە و هاتنە بەرامبەر شارەکە، لە باکووری عای چادریان هەڵدا و دۆڵەکە لەنێوان ئەوان و عای بوو.
12
یەشوع نزیکەی پێنج هەزار پیاوی نارد و لەنێوان بێت‌ئێل و عای، لە ڕۆژئاوای عای لە بۆسەدا داینان.
13
ئیتر گەل، واتا هەموو لەشکرەکە کە لە باکووری شارەکە بوو لەگەڵ ئەوانەی کە لە بۆسەکەی ڕۆژئاوای شارەکە بوون، جێگیر بوون، یەشوعیش ئەو شەوە چووە ناوەڕاستی دۆڵەکە.
14
کاتێک پاشای عای ئەمەی بینی، خۆی و پیاوانی شارەکە بەیانی زوو بە پەلە هاتنە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە بەرزاییەک کە دەیڕوانییە عەراڤا[a] ، بەڵام پاشا نەیدەزانی کە لە پشت شارەکەوە بۆسەیەکی بۆ نراوەتەوە.
15
یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیل وایان پیشان دا کە شکستیان خواردوو و بە ڕێگای چۆڵەوانیدا هەڵاتن.
16
لەنێو هەموو خەڵکی شاری عای بانگەواز بڵاو بووەوە کە دوایان بکەون، ئەوانیش دوای یەشوع کەوتن و لە شارەکە دوور کەوتنەوە.
17
یەک پیاو لە عای یان لە بێت‌ئێل نەما کە بەدوای ئیسرائیل نەکەوتبێت. شارەکەیان بە کراوەیی بەجێهێشت و بەدوای ئیسرائیل کەوتن.
18
ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «ڕمەکەی دەستت ڕووەو عای بگرە، چونکە من دەیدەمە دەستتەوە.» یەشوعیش ئەو ڕمەی بە دەستیەوە بوو ڕووەو شارەکەی کرد.
19
کاتێک دەستی درێژکرد ئەوانەی لە بۆسەکە بوون بە پەلە لە جێی خۆیان هەستان و ڕایانکرد و چوونە ناو شارەکەوە و گرتیان و بە پەلە سووتاندیان.
20
پیاوەکانی عای ئاوڕیان دایەوە و تەماشایان کرد وا دووکەڵی شارەکە بۆ ئاسمان بەرز بووەتەوە و هیچ جێیەکیش نییە بۆی هەڵبێن، نە بەملا و نە بەولا، ئیسرائیلییەکانیش کە بۆ چۆڵەوانی ڕایاندەکرد بەسەر ڕاونەرەکاندا هەڵگەڕانەوە.
21
جا کە یەشوع و هەموو ئیسرائیل بینییان بۆسەکە شارەکەی گرتووە و دووکەڵی شارەکە بەرز بووەتەوە، گەڕانەوە و لە پیاوەکانی عاییان دا.
22
جەنگاوەران لەناو بۆسەکەش لە شارەکەوە بۆ پەلاماردانیان هاتنە دەرەوە و پیاوەکانی عای کەوتنە نێوان ئیسرائیلییەکان. ئەمان لەم لاوە و ئەوان لەولاوە، ئینجا لێیان دان تاکو کەسیان لێ نەما هەڵبێت و دەرباز بێت.
23
بەڵام پاشای عاییان بە زیندوویی دەستگیر کرد و بردیانە بەردەم یەشوع.
24
پاش ئەوەی ئیسرائیل لە کوشتنی هەموو پیاوەکانی عای بوونەوە کە لە کێڵگە و چۆڵەوانیدا دوایان کەوتبوون هەتا قڕیان بکەن، هەموو ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە ناو شار و هەموو ئەو دانیشتووانانەیان بە شمشێر کوشت کە لەوێ مابوونەوە.
25
سەرجەم دانیشتووانی عای، هەموو ئەوانەی لەو ڕۆژەدا کەوتن لە پیاو و لە ژن، دوازدە هەزار کەس بوون.
26
یەشوعیش ئەو دەستەی کە ڕمەکەی پێ درێژکردبوو نەیگەڕاندەوە دواوە هەتا سەرجەم دانیشتووانی عای قڕ بوون[b] .
27
بەڵام نەوەی ئیسرائیل ئاژەڵی ماڵی و دەستکەوتی ئەو شارەیان بۆ خۆیان تاڵان کرد، بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان کە فەرمانی بە یەشوع کردبوو.
28
ئینجا یەشوع عایی سووتاند[c] و کردییە گردێکی وێرانی هەتاهەتایی، هەتا ئەمڕۆش هەروا ماوەتەوە.
29
هەروەها لاشەی پاشای عایی هەتا ئێوارە لەسەر دار هەڵواسی، لە کاتی ئاوابوونی خۆر یەشوع فەرمانی دا و لاشەکەیان هێنا خوارەوە و لەبەردەم دەروازەی شارەکە فڕێیان دا و کۆمەڵە بەردێکی گەورەیان لەسەر کەڵەکە کرد کە هەتا ئەمڕۆ ماوەتەوە.
تازەکردنەوەی پەیمانەکە لە کێوی عێبال 
30
ئینجا یەشوع قوربانگایەکی بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە کێوی عێبال بنیاد نا.
31
هەروەک موسای بەندەی یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کردبوو، بەپێی ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، قوربانگایەک لە بەردی نەتاشراو، کە ئامێری ئاسنی بەسەردا بەرز نەکرابووەوە، قوربانی سووتاندنیان بۆ یەزدان سەرخستە سەری و قوربانی هاوبەشییان[d] سەربڕی.
32
لەوێ یەشوع لەبەرچاوی نەوەی ئیسرائیل وێنەیەکی لەو فێرکردنە نووسییەوە کە موسا نووسیبووی.
33
هەموو ئیسرائیلیش نامۆ و هاوڵاتی وەک یەک، لەگەڵ پیر و کوێخا و دادوەریان لەتەنیشت سندوقەکەوە، لەم لا و ئەو لاوە بەرامبەر بە کاهینە لێڤییەکان هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان وەستان، نیوەیان بەلای کێوی گەریزیم و نیوەکەی دیکەیان بەلای کێوی عێبال، وەک چۆن لەوەو پێش موسای بەندەی یەزدان فەرمانی دابوو، کاتێک فەرمانی دا بۆ داواکردنی بەرەکەت بۆ گەلی ئیسرائیل.
34
پاشان هەموو وشەکانی ئەو فێرکردنەی خوێندەوە، بەرەکەت و نەفرەت، بەگوێرەی هەموو ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتدا نووسرابوو.
35
وشەیەک نەبوو لە هەموو ئەو شتانەی کە موسا فەرمانی پێ کردبوو، کە یەشوع نەیخوێنێتەوە، لەبەردەم هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلدا بە ئافرەت و منداڵ و ئەو نامۆیانەش کە لەنێویاندا بوو.
  1. a. 8‏:14 عەراڤا شیوێک بوو لە دەریاچەی جەلیلەوە هەتا دەریای مردوو.‏
  2. b. 8‏:26 قڕ بوون: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏
  3. c. 8‏:28 یەشوع عایی سووتاند: واتا یەشوع و پیاوەکانی شاری عاییان سووتاند.‏
  4. d. 8‏:31 قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە لێڤییەکان 7‏:11‏-15.‏‏