١. هۆشداری لە مامۆستایانی درۆزن (١‏-١١)
١ لە پیرەکەوە * ،
بۆ خانمی هەڵبژێردراو و بۆ منداڵانیشی کە لە ڕاستیدا خۆشمدەوێن، نەک تەنها من، بەڵکو هەموو ئەوانەی ڕاستی دەناسن، ٢ لەبەر ئەو ڕاستییەی تیاماندا نیشتەجێ دەبێت و هەتاهەتایە لەگەڵمان دەبێت:
٣ با نیعمەت * و بەزەیی و ئاشتیمان لە خودای باوک و عیسای مەسیحی کوڕی باوکەوە لەگەڵ بێت، بە ڕاستی و خۆشەویستییەوە.

ڕاستی و خۆشەویستی

٤ زۆر دڵخۆش بووم کە بینیم هەندێک لە منداڵەکانت بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن، وەک باوک ڕایسپاردین. ٥ ئێستاش ئەی خانم، ڕاسپاردەیەکی نوێت بۆ نانووسم، بەڵکو ئەوەی لە سەرەتاوە هەمانبووە: داوات لێ دەکەم کە یەکتریمان خۆشبوێ. ٦ خۆشەویستی ئەمەیە: بەگوێرەی ڕاسپاردەکانی خودا بڕۆین. هەروەک لە سەرەتادا گوێتان لێی بووە، ڕاسپاردەکە ئەوەیە کە بە خۆشەویستی هەڵسوکەوت بکەن.

ئاگاداری گومڕاییکاران بن

٧ چەواشەکاری زۆر بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و دان بەوەدا نانێن کە عیسای مەسیح بە جەستە هاتووە. ئەو جۆرە کەسانە چەواشەکار و دژە مەسیحن. ٨ ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک ئەوە لەدەست بدەن کە کارمان بۆ کردووە، بەڵکو پاداشتی تەواو وەربگرن. ٩ هەرکەسێک پێش بکەوێت و لە فێرکردنی مەسیح بەردەوام نەبێت، بێبەرییە لە خودا. ئەوەی لە فێرکردنەکە بەردەوام بێت، هەم باوکی ئاسمانی و هەم کوڕەکەی هەیە. ١٠ هەرکەسێک هاتە لاتان و ئەو فێرکردنەی نەهێنا، لە ماڵەکەتان پێشوازی لێ مەکەن و سڵاوی لێ مەکەن، ١١ چونکە ئەوەی سڵاوی لێ بکات، لە بەدکارییەکانیدا بەشدار دەبێت.
٢. کۆتا وشەکانی یۆحەنا (١٢‏-١٣)

کۆتایی

١٢ زۆر شتم هەیە بۆتانی بنووسم، بەڵام نامەوێت بە مەرەکەب و کاغەز بێت، بەڵکو ئومێدەوارم لەگەڵتان بم و ڕووبەڕوو بدوێین، تاکو تەواو دڵخۆش بین.
١٣ منداڵانی خوشکە هەڵبژێردراوەکەت * سڵاوت لێدەکەن.

لە جیهاندا زۆر جار گفتوگۆ دەکرێت سەبارەت بە ڕاستی و خۆشەویستی، بەڵام کەم پەیڕەوی دەکەین. خەڵکی، لە پیاوێکی ڕامیارییەوە هەتا بازرگانێک، ڕاستی دەشارنەوە یان پشتگوێی دەخەن، وشەی دیکە بەکاردەهێنن بۆ سەرگرتنی هەڵوێستێک یان فرۆشتنی شتێک. سوێندی بە درۆ لەنێو خەڵک بڵاو دەبێتەوە لە کاتێکدا ڕاستگۆیی و ڕاستی تووشی مەترسی دەبێت، نامۆ نییە کە ناچاری بە سوێندخواردن بۆ ئەوەی ڕاستی بڵێیت.

ئەی خۆشەویستی چی؟ جیهان پڕە لە وشەی خۆشەویستی، گۆرانی سۆزداری، کارتی پیرۆزبایی، ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، چیرۆکی دڵداری، هەموویان لافاوی بیرۆکە و خەونیان لێ دەبارێت سەبارەت بە پەیوەندییە سۆزدارییەکان و هەستە ناسکەکان. بەڵام خۆشەویستیی ڕاستەقینە دەگمەنە، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لە بەخشینی تەواو، وە گرنگیدان و هاوبەشی بەڵکو تەنانەت قوربانیدان بە ژیان لە پێناوی کەسانی دیکەدا، ئێمە دەمانەوێت کەسانی دیکەمان خۆشبوێت و ئەوانیش ئێمەیان خۆشبوێت، بەڵام کەم کەس هەن لە نموونەی زیندووی خۆشەویستی ڕاستەقینە.

لەسەر پاشخانی بەها بەربڵاوەکان لە کۆمەڵگادا، لە درۆ و خۆپەرستی، مەسیح خودی ڕاستیی و خۆشەویستییە، لەبەر ئەوە هەرکەسێک بانگەشەی ئەوە دەکات شوێنکەوتووی مەسیحە، دەبێت ملکەچی ئەو نموونە بەرزە بێت شوێنی ڕاستی بکەوێت و پێیەوە بژیێت، وە خۆشەویستی بۆ خەڵکی پەیڕەو بکات. یۆحەنای نێردراو ڕاستی بینیبوو و سەرەتا بە خۆشەویستی ژیابوو لەو کاتەی لەگەڵ عیسا بوو، ئەمەش بە جۆرێک کاریگەری لەسەر دانابوو کە هەموو نووسینەکانی (ئینجیلی یۆحەنا، سێ نامەکەی یۆحەنا، سیپارەی ئاشکراکردنی یۆحەنا) بارگاوی بوو بە بیرۆکەی ئەوەی ڕاستیی و خۆشەویستی بنەمای سەرەکین بۆ مرۆڤی باوەڕدار، وە لە ژیانی باوەڕیاندا دانابڕێن، ئەم نامەیەی دووەمی لەو بارەیەوە جیاواز نییە.

یۆحەنا داوامان لێدەکات شوێنی ڕاستیی بکەوین و گوێڕایەڵی خودا بین (دووەم یۆحەنا 4)، چاوکراوە بین لە ڕابەرانی چەواشەکار (دووەم یۆحەنا 7)، خودامان خۆشبوێت، وە یەکترمان خۆشبوێت (دووەم یۆحەنا 6).

خوێندنەوەی دووەم نامەی یۆحەنا تەنها چەند خولەکێک دەخایەنێت، بەڵام پەیامەکەی بە درێژایی ژیان بەردەوام دەبێت. کاتێک ڕامان دەکەین لەسەر ئەو چەند دەقە کورتە کە پیرێکی دانا و قوتابی مەسیح نووسیویەتی دووبارە خۆت ڕادەست بکەوە بۆ ئەوەی ببیتە کەسێکی ڕاست و خۆشەویست و گوێڕایەڵی خودا.

ڕاڤەکاری
١‏:١ - یۆحەنا یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، وە نووسەری ئینجیلی یۆحەنا و سێ نامە و سیپارەی ئاشکراکردنە. بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بەو، بڕوانە ژیاننامەکەی کە لە ( یۆحەنا ١٣ ) نووسراوە. یۆحەنا بە ماوەیەکی کەم لەدوای نامەی یەکەم نامەی دووەمی نووسیوە، بۆ ئەوەی هۆشداری بدات لە مامۆستایانی درۆزن. یۆحەنا دەستپێکی نامەکەی بەم شێوەیەیە: «لە پیرەکەوە، بۆ خانمی هەڵبژێردراو و بۆ منداڵانیشی کە لە ڕاستیدا خۆشمدەوێن». لەگەڵ ئەوەی هەندێک کەس پێیان وایە ئەم نامەیە بۆ خانمێکی دیاریکراو نووسراوە، بەڵام ڕەنگە ئاماژەشی بۆ کڵێسایەک کردبێت نەیناساندبێت. پێدەچێت ئەم نامەیە لە ئەفەسۆسەوە نووسرابێت.
١‏:١‏-٢ - یۆحەنا ئەم نامەیەی دووەمی نووسیوە بۆ ئەوەی باوەڕدارەکان ئاگادار بکاتەوە لە دژی پشتگیریکردنی بێئاگایانەیان لە مامۆستایانی درۆزن. لە کۆتایی سەدەی یەکەمدا، ژمارەی مزگێنیدەر و مامۆستایانی گەڕیدە بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە؛ لەگەڵ مزگێنیدەراندا، کۆمەڵێک کەس هاتوون کە پەرە بە فێرکردنی گومڕاکەرانە و چەوت دەدەن سەبارەت بە مەسیح و ئینجیل. شتێکی ئەوتۆ لەم دوو هەزار ساڵەدا نەگۆڕاوە. هێشتا ئەوانەی کە لە دژی پەیامی مەسیحن هەوڵ دەدەن کە گەلی خودا هەڵبخەڵەتێنن و سەریان لێ بشێوێنن. ئەم نامەیە وەکو پەیامی بەئاگاهاتنەوەیە بۆ باوەڕداران تاکو وریا بن و باوەڕێکی پتەویان هەبێت. ئایا توانای ناسینەوەی فێرکردنی هەڵە و چەوتت هەیە؟
١‏:٢ - ئەو ڕاستییەی دەیانزانی، ڕاستیی عیسای مەسیحە، لە بەرامبەر درۆکانی مامۆستایانی چەواشەکار (بڕوانە یەکەم یۆحەنا ٢‏:٢١‏-٢٣ ).
١‏:٣‏-٤ - «ڕاستی» لێرەدا مەبەست لێی ڕاستییە دەربارەی عیسای مەسیح، کە لە دژی درۆکانی مامۆستایانی درۆزنە ( یەکەم یۆحەنا ٢‏:٢١‏-٢٣ ). یۆحەنا لەم نامە کورتەدا چوار جار ئاماژەی بە وشەی ڕاستی داوە. یۆحەنا بە پێچەوانەی ئەوانەی کە لە کەلتورەکەماندا بەردەوام ڕاستی ڕەت دەکەنەوە «هیچ ڕاستییەکی ڕەها لەئارادا نییە»، یان ئەوانەی کە بەپێی حەز و ئارەزووی خۆیان پێناسەی ڕاستی دەکەن «ڕاستیی تۆ هی تۆیە و ڕاستیی من هی منە»، ڕایدەگەیەنێت کە ڕاستیی ڕەها هەیە. خودا ئەو پێوەرە ڕاستییەیە کە هەموو شتێکی دیکە دەبێت بەگوێرەی ئەو حوکم بدرێت. خودا ڕاستییە و وشە و ڕێگاکانی ڕاستییە، وە هەرکەس و هەر شتێک لە دژی بوەستێتەوە ناڕاستە و هەڵخەڵەتێنەرە و مەترسیدارە. ڕابەر و مامۆستا و دایک و باوکە باوەڕدارەکان لەم جەنگە سەخت و گرنگەدا بەشداری بکەن. وتەیەکی باو هەیە کە دەڵێت: «سەرکەوتنی فێڵ و تەڵەکە مسۆگەرە کاتێک کە ڕاستیی کارێکی ئەوتۆ ناکات». بە تایبەتی ئەو کەسانە فێر بکە کە لەژێر دەسەڵاتی تۆدان و پێیان بڵێ کە جیاوازی ڕاست لەگەڵ هەڵە چییە.
١‏:٥‏-٦ - ئەو خۆشەویستییەی کە پێویستە باوەڕداران بەرامبەر بە یەکتریان هەبێت بابەتێکی دووبارەیە لە پەیمانی نوێ، بەڵام خۆشویستنی دراوسێ و کەسە نزیکەکان ڕاسپاردەیەکی کۆن بوو و سەرەتا لە سێیەم سیپارە لە سیپارەکانی موسا ڕاگەیەنرا ( لێڤییەکان ١٩‏:١٨ ). دەکرێ بە چەندین شێواز خۆشەویستیمان بۆ خەڵکی دەرببڕین، لەوانە خۆمان بە دوور بگرین لە بارگرانی و لایەنگیری و جیاکاری، خەڵکی قبوڵ بکەین، گوێیان لێ بگرین و یارمەتییان بدەین. هەروەها خۆشەویستی بە بەخشین و خزمەت دەردەکەوێت یان کاتێک تاوانبارکردنی خەڵک ڕەت دەکەینەوە. بەڵام تەنها زانینی ڕاسپاردەی خودا بەس نییە و پێویستە بە کردار پەیڕەوی بکەین (بڕوانە مەتا ٢٢‏:٣٧‏-٣٩ یەکەم یۆحەنا ٢‏:٧ ٨ ).
١‏:٧ - لە سەردەمی یۆحەنادا، زۆر لە مامۆستایانی درۆزن خەڵکیان فێردەکرد سەبارەت بە چاکی ڕۆح و گەندەڵی مادە و خراپییەکانی، ئینجا باوەڕیان وابوو کە ناکرێت عیسا لە هەمان کاتدا خودا و مرۆڤ بێت. یۆحەنا بە بەکارهێنانی قسەی کاریگەر لەو جۆرە فێرکردنە ئاگاداری کردینەوە. ئێستاش زۆر مامۆستای درۆزن هەن و هیوایان بە تێگەیشتنێک هەیە سەبارەت بە عیسا کە لەگەڵ کتێبی پیرۆز ناگونجێت. سەرچاوەی مەترسی لەمەدا ئەوەیە ئەوان ڕاستیی دەگۆڕن و بنەماکانی باوەڕی مەسیحی دەڕووخێنن. ڕەنگە وشەی ڕاست بەکاربهێنن بەڵام بە گۆڕینی واتاکەی.
١‏:٧ - چەواشەکار ئەو کەسەیە کە لەسەر ڕێی ڕاست لاتدەدات. سەرنجی وشەی «زۆر» بدە؛ ئەوانەی کە چەواشەکارن زۆرن. مەترسیی گەورەی ڕابەرانی هەڵخەڵەتێنەر ئەوەیە کە لە ڕاستگۆ و باش دەچن. لەنێو قەرەباڵغیدا، دۆزینەوەیان ئاسان نییە. بە گشتی کەسانێکی جوان و ڕێکوپێکن. ئەگەر وا نەبێت، چۆن دەتوانن ئەو خەڵکە لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە. نامانەوێت ئیدی لە هەموو کەسێک بترسین و گومان لە هەموو کەسێک بکەین، بەڵام دەبێت لە هەڵسەنگاندنی کەسایەتی و هەڵسوکەوتی ئەو کەسانەدا وریا و ژیر بین کە دەیانەوێت کاریگەریت لەسەر دابنێن. شێوازی ژیانی مامۆستا و ڕابەرەکانت زۆر شت لەبارەی باوەڕیان بە مەسیح ئاشکرا دەکات. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر تاقیکردنەوەی مامۆستایان، بڕوانە ( یەکەم یۆحەنا ٤‏:١ ).
١‏:٨ - کرێی تەواو یان پاداشت، کە لێرەدا یۆحەنا باسی دەکات، ڕزگاری نییە، بەڵکو کرێی خزمەتی سەرڕاستانەیە. هەرکەسێک بەردەوام بەهای ڕاستی بزانێت و پێیەوە پەیوەست بیت کرێیەکی تەواو لە پەروەردگار وەردەگرێت. بەڵام ئەوەی بۆ خۆی بژیێت بە پاساوی بانگەشەی باوەڕی درۆیینی گومڕاکەر ئەوا کرێی خۆی لەدەست دەدات ( مەتا ٧‏:٢١‏-٢٣ ).
١‏:١٠ - یۆحەنا باوەڕداران ڕادەسپێرێت کە میوانداری مامۆستایانی درۆزن نەکەن، وە شتێک نەکەن کە لادەرەکان هانبدات بۆ بڵاوکردنەوەی درۆکانیان. هەروەها ئەگەر باوەڕدار بانگهێشتیان بکات و لە ماڵەکەی خۆی پێشوازییان لێ بکات واتای ڕازیبوون لەسەر کردەوە و قسەکانیانە. یۆحەنا حوکمی خراپ نادات بۆ میوانداریکردنی بێباوەڕان، بەڵام حوکم لەسەر ئەوانە دەدات کە پشتیوانی ئەوانە دەکەن کە خۆیان تەرخان کردووە بۆ دژایەتیکردنی فێرکردنە ڕاستەقینەکانی خودا. یۆحەنا درێژەی پێدەدات دەڵێت کە ئەوەی سڵاو لە مامۆستای چەواشەکار بکات یان پشتیوانی بکات ئەوا لەگەڵی بەشدارە لە کارە خراپەکانی.
١‏:١٠ - فێرکردنی چەواشەکارانە شتێکی ترسناکە و پێویستە لێی ئاگادار بین، ئەوەندە ترسناکە کە یۆحەنا بە تایبەت ئەم نامەیەی نووسیوە کە لێی هۆشیارمان بکاتەوە. وە لە جیهانی ئێستاماندا، زۆر فێرکردنی چەواشەکارانە هەیە کە بە کەم تەماشای دەکەین. بەڵام بە پێچەوانەی ئەمە پێویستە لەسەرمان درک بە مەترسییەکەی بکەین، وە بە ئەرێییانە ڕەتی بکەینەوە کە چەواشەکاری لەنێوماندا شوێنی هەبێت.

ئایەتی پەیوەندیدار

١‏:١ - یەکەم پەترۆس ٥‏:١٣ ؛ یەکەم یۆحەنا ٣‏:١٨‏-١٩ ؛ سێیەم یۆحەنا ١‏:١
١‏:٣ - یەکەم تیمۆساوس ١‏:٢
١‏:٤ - سێیەم یۆحەنا ١‏:٣‏-٤
١‏:٥ - یۆحەنا ١٣‏:٣٤ ؛ ١٥‏:١٢ ؛ یەکەم یۆحەنا ٢‏:٧
١‏:٦ - یۆحەنا ١٤‏:١٥ ‏، ٢٣‏-٢٤ ؛ یەکەم یۆحەنا ٢‏:٥ ‏، ٧ ؛ ٤‏:٧‏-١٢ ؛ ٥‏:٣
١‏:٧ - یەکەم تیمۆساوس ٤‏:١‏-٥ ؛ دووەم پەترۆس ٢‏:١‏-٣ ؛ یەکەم یۆحەنا ٢‏:١٨ ‏، ٢٦ ؛ ٤‏:١‏-٣
١‏:٨ - یەکەم کۆرنسۆس ٣‏:٨‏-٩
١‏:٩ - یۆحەنا ٨‏:٣١ ؛ یەکەم یۆحەنا ٢‏:٢٣
١‏:١٠ - ڕۆما ١٦‏:١٧ ؛ ئەفەسۆس ٥‏:١١
١‏:١٢ - سەرژمێری ١٢‏:٨ ؛ یەکەم یۆحەنا ١‏:٤ ؛ سێیەم یۆحەنا ١‏:١٣‏-١٤

Loading...- بەشی -...

1x